توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە خواردنەوە وزەبەخشەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە دروست دەکەن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاد دەکەن.
لە ماڵپەڕی "eatingwell" بڵاو کراوەتەوە، توێژەران هۆشدارییان داوە کە خواردنەوەی ئەو خواردنەوانە کە زۆرجار بڕێکی زۆر لە کافین و پێکهاتەی هاندەری دیکەی تێدایە، مەترسی بۆ ئەو کەسانە دروست دەکات کە نەخۆشی بۆماوەیی دڵیان هەیە.
بەپێی توێژینەوەکە لە ئەمریکادا لە هەر ١٠ گەنجێک ٤ گەنج بە شێوەیەکی بەردەوام خواردنەوە وزەبەخشەکان دەخۆنەوە ئەم ژمارەیەش بەردەوام رووی لە زیادبوونە و پێشبینی دەکرێت فرۆشی ئەم خواردنەوانە تا ساڵی ٢٠٢٨ زیاد بکات بە ڕێژەی لەسەدا ٧ ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستی دروست دەکات.
هەرچەندە توێژینەوەکە نایسەلمێنێت خواردنەوەی خواردنەوە وزەبەخشەکان راستەوخۆ دەبێتە هۆی وەستانی دڵ، بەڵام زاناکان پێشنیارییان کردووە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە رەنگە لە رووی بۆماوەییەوە مەترسی تووشبوونیان بە کێشەی دڵ لەسەر بێت، خۆیانی لێ بەدوور بگرن، یان لانیکەم بە رێژەیەکی مامناوەند بیخۆنەوە.
هەروەها ئەم خواردنەوانە زیان بە کۆئەندامی دەمار دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و لێدانی دڵ و تێکچوونی هەناسەدان بەم شێوەیەش زیان بە تەندروستی مێشک دەگەیەنێت.