PM:07:37:03/11/2024
1284 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، قۆناغی دیزاینی سەرەتایی رێگای گەشەپێدان، بە هێڵی وشکانی و شەمەندەفەرەکەیەوە، ١٠٠٪ تەواو بووە.
مەیتەم سافی بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، قۆناغی دیزاینی سەرەتایی رێگای گەشەپێدان کە پێکدێت لە هێڵی وشکانی و شەمەندەفەر تەواو بووە و وەزارەت قۆناغی دیزاینی کۆتایی دەستپێکردووە.
باسی لەوەش کرد، قۆناغی کۆتایی جیاواز دەبێت لە قۆناغی سەرەتایی و تێیدا
پرد و بینا و وێستگەکان دیاری دەکرێت. وتیشی، ساڵی ٢٠٢٥ قۆناغی دیزان و وردەکارییەکان
تەواو دەبێت و پڕۆژەکە پێشکەشی کۆمپانیا گەورە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت.
لە رۆژی ٢١ـی ئاداری ساڵی رابردوو، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا رێککەوتن بۆ بنیادنانی هێڵی ئاسنین لە نێوان عێراق و تورکیا بە ناوی "پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان" کە ئامانج لێی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیارانە لە بەندەری فاوی عێراقەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.
پڕۆژەکە بە ١١ پارێزگاى عێراقدا تێدەپەڕێت کە لە بەندەری فاو دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ باکوورى کوردستان و تورکیا، درێژییەکەى هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەترە و تێچووی ١٧ ملیار دۆلارە، ١٠ ملیار دۆلار دەدرێت بە شەمەندەفەری کارەبایی و نزیکەى حەوت ملیار دۆلاریشى تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت، بڕیاریشە تاوەکو ساڵى ٢٠٢٨ قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو ببێت.