سەردێڕ:

"عێراق داوای لە ئەمریکا کردووە رێگری لە وەڵامی ئیسرائیل بەرامبەر گروپە چەکدارەکان بکات"

PM:05:55:03/11/2024

1396 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بەردەوامیی هێرشی گروپە چەکدارەکانەوە، عێراق خەریکە دەبێتە لایەنێکى سەرەکیی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بەغدا هەوڵەکانى بۆ خۆپاراستن لە وەڵامدانەوەى ئیسرائیل دەست پێکردووە و پەناى بۆ ئەمریکا بردووە تاکو تەلئەبیب رازی بکات هێرشى نەکاتە سەر.


زیاتر لە ساڵێکە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست گیرۆدەى شەڕێکى بەردەوامە و تا دێت بەرەی شەڕەکەش فراوانتر دەبێت، یەکێک لەو لایەنانەى کە خەریکە دەبێتە لایەنی سەرەکى ململانێکە، گروپە چەکدارەکانى عێراقن کە تا ئێستا بەردەوامن لە بۆردوومانکردنى ئیسرائیل بە موشەک و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و پێداگریشن لە بەردەوامیدان بە هێرشەکانیان.

لەم نێوەندەشدا، حکومەتى عێراق هانای بۆ دۆستەکانى بردووە بۆ خۆلادان لە جەنگێکى ماڵوێرانکەر، ئاژانسی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەغدا داوای لە بەرپرسانی ئەمریکا کردووە دەستتێوەردان بکەن و داوا لە ئیسرائیل بکەن تا وەڵامی هێرشی گروپە چەکدارەکانى عێراق نەداتەوە.

هاوکات، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەمریکا تێگەیشتنی هەیە بۆ لێكەوتەكانی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق و بەڵێنی هاوكاریكردنی بە عێراق داوە.

وادیارە واشنتۆنیش نایەوێت ئاگری شەڕ لە کۆنترۆڵ دەربچێت و دەشیەوێت سەرباز و هاوڵاتى و هاوپەیمانەکانیشى بپارێزێت، بە تایبەت لەم کاتەدا کە چەند رۆژێکى کەمی ماوە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى وڵاتەکە و ئاڵۆزییەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش لەسەر ئاستى ناوخۆی ئەمریکا کاردانەوەى زۆری دروست کردووە.

لەو بارەیەوە، وەزارەتى بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، فه‌رمانی بڵاوەپێکردنی زایتری فڕۆكه‌ تێكشێنه‌ره‌كانی مووشه‌كی بالیستی، فڕۆكه‌ی‌ جه‌نگی‌، فڕۆكه‌ی گوێزه‌ره‌وه‌ و چه‌ندین فڕۆكه‌ی بۆمبهاوێژی‌ دوورمه‌ودا لەوانە فڕۆکەى بی-٥٢ـی له‌ ناوچەکە دەر کردووە.

هاوشانى بەهێزکردنى بوونى سەربازیی لە ناوچەکە، واشنتۆن لە رووى سیاسی و دیپلۆماسیشەوە بەردەوامە لە هەوڵەکانى راگرتنى شەڕ لە لوبنان و غەززە، نێردەکانى لەگەڵ وڵاتانى عەرەبی و ئیسرائیل بەردەوامن لە گفتوگۆ بۆ راگەیاندنى ئاگربەست لەو دوو ناوچەیە، یاخود لایەنى کەم سنوردارکردنى هێرش و وەڵامدانەوەکان.













گەلەری