سەردێڕ:

هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەکی واشنتۆن دروست دەکات

PM:05:05:02/11/2024

956 جار خوێندراوەتەوە

دوای سێ رۆژی دیکە، یەکێک لە دوو کانیدەکەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان دەچێتە کۆشکی سپی و سیاسەتی خۆی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکی جێبەجێ دەکات، کە پێشبینی کراوە بە مانەوەی دیموکراتەکان لە دەسەڵات گۆڕانکاریی ئەوتۆ بەخۆوە نەبینێت، بەڵام لەکاتی بردنەوەی کاندیدەکەی کۆمارییەکان، ناوچەکە گۆڕانکاریی بەرچاو بەخۆوە ببینێت.


لە ٥ـی ئەم مانگە ئەمریکییەکان دەنگ دەدەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی وڵاتەکەیان، ئەو دەنگدانە تەنها کاریگەریی لەسەر ناوخۆی ئەمریکا نابێت، بەڵکو کاریگەریی گەورەی لە سیاسەتی واشنتۆن لەگەڵ جیهاندا دەبێت.

رەنگە ئۆکرانیا یەکێک بێت لە دیارترین ئەو وڵاتانەی هەست بەو کاریگەرییە بکەن، کە ئێستا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە کۆمەکی سەربازی و دارایی و دیبلۆماسیی ئەمریکا دەبەستێت لە جەنگەکەی دژ بە روسیا.

لەو کاتەوەی روسیا لەشکرکێشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکردووە، ئیدارەی جۆ بایدن دەیان ملیار دۆلاری وەک یارمەتی دارایی و مرۆیی و ئەمنی پێشکەش بە حکومەتی کیێڤ کردووە، بەبێ ئەوەی ئەنجامی ئەوتۆی هەبووبێت.

هەرچۆنێک بێت سیاسەتی کامالا هاریس هاوشێوەی سیاسەتی جۆ بایدن دەبێت کە هیچ رێگە چارەیەکی ریشەیی بۆ راگرتنی جەنگەکە لەخۆ نەگرتووە، جگە لەوەی بەڵێنیداوە لە یارمەتیدانی ئۆکرانیا بەردەوام بن تا شکست بە روسیا دەهێنرێت.

بەڵام دۆناڵد ترەمپ بە گومانە لەوەی وڵاتەکەی لە پشتگیریکردن لە ئۆکرانیا بەردەوام بێت، چونکە بە پێویستی دەزانێت زۆرترین قورسایی خەرجی جەنگەکە بکەوێتە ئەستۆی ئەوروپاوە، هەروەها چەند جارێک ترەمپ بەڵێنیداوە ئەگەر ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا، ئەوا بە ماوەیەکی کورت کۆتایی بەو جەنگە دەهێنێت.

هەروەها چینییەکان مەترسییان هەیە کە بردنەوەی ترەمپ بە پۆستی سەرۆکایەتی، جەنگی بازرگانیی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتەکەیان زیاتر بکات، لە کاتێکدا ترسی ئەوەیان لە بردنەوەی کامالا هاریس هەیە کە لەسەر رێچکەی جۆ بایدن بەردەوام بێت لە هێرشی دیبلۆماسی بۆ سەر پەکین سەبارەت بە دۆسیەی تایوان.

سەبارەت بە جەنگی غەززە و لوبنانیش، ترەمپ دەڵێت ئەگەر سەرۆک بوایە رێگەی بە بەرپابوونی ئەو جەنگانە نەدەدا، هەروەها ئیدارەی بایدنی تۆمەتبارکردووە بە شکستهێنان لە راگرتنی جەنگەکە.

لە رووی یارمەتیدانی ئیسڕائیلیش لە رووی سەربازییەوە، پسپۆڕانی پێشبینیان کردووە ئەو یارمەتیانە زیاتر ببێت ئەگەر ترەمپ بچێتەوە کۆشکی سپی.

هەرچی پەیوەستیشە بە دۆسیەی ئێران، چاودێران پێشبینیان کردووە ئەمریکا لە سەردەمی هاریس رێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ لەگەڵ تاران واژۆ بکات، بەڵام ئەو ئەگەرە بۆ ترەمپ بەدوورە و پێشبینی کراوە مامەڵەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە توندتربێت.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بۆ کوردیش جێگەی بایەخ دەبێت، بەو پێیەی لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان پشتی بە هەندێک لە پشتیوانی ئەمنی و دارایی ئەمریکا بەستووە، کە هەردوو کانید خوازیارن ناوچەکە گۆڕانکاریی بەخۆوە نەبینێت و لە دۆخێکی ئارامدا بێت.













گەلەری