سەردێڕ:

دوای ١١ مانگ لە چۆڵبوونی پۆستەکە و دوو گەڕی دەنگدان؛ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلاکرایەوە

PM:07:30:01/11/2024

1096 جار خوێندراوەتەوە

شەوى رابردوو دواى دوو گەڕی دەنگدان، مەحمود مەشهەدانی بە دەنگی ١٨٢ پەرلەمانتار بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا و سالم عیساویش کە کاندیدی سەربەخۆ و رکابەری بوو ٤٢ دەنگى بەدەستهێنا، مه‌شهه‌دانی دواى هەڵبژاردنەکەى وتی به‌ڵێن دەدات وه‌ك تیمێكی یه‌كگرتوو كاربكات بۆ یاسادانان.


دوای ١١ مانگ لە چۆڵبوونی پۆستەکە و دوو گەڕی دەنگدان، سوننەکان خۆیان لەسەر سەرۆکێک بۆ پەرلەمانى عێراق یەکلا کردەوە.

شەوی پێنج شەممە، مەحمود مەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانیی عەزم کە لەلایەن زۆربەی سوننەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی و فراکسیۆنە کوردییەکانەوە پشتگیری دەکرێت، لە گەڕی دووەمدا بە دەنگی ١٨٢ پەرلەمانتار بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا هاوکات سالم عیساوی، کاندیدی سەربەخۆ و رکابەری سەرەکی مەشهەدانى، ٤٢ دەنگى بەدەستهێنا.

بەگوێرەی دەستوور کاندیدی سەرکەوتوو بۆ پۆستەکە پێویستی بە بەدەستهێنانی٥٠+١ـی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانە، واتە ١٦٦ دەنگ، ئەگەرنا، دووبارە دەکرێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی یەکێکیان ١٦٦ دەنگەکە بەدەست دەهێنێت و دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان عێراق.

لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا ئەمە سێیەم دانیشتن بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، دوای ئەوەی دووانەکەی دیکە بەهۆی رێکنەکەوتنی سوننەکان لەسەر کاندیدکردنى کەسێک بە یەکگرتوویی، شکستیان هێنا.

بەڵام ئەمجارە سوننەکان زۆرینەیان پشتیوانى مەشهەدانیان کرد، بەجۆرێک هاوپەیمانیی سیادە کە پێشتر پشتیوانیی لە عیساوی دەکرد، ئەمجارە دەنگی بە مەشهەدانی دا. هەروەها فراکسیۆنەکانی تەقەدوم، کورد و بەشێکی زۆری چوارچێوەی هەماهەنگیش پشتیوانییان لە مەشهەدانی کرد.

له‌ یه‌كه‌م لێدوانیدا له‌دوای هه‌ڵبژاردنی به ‌سه‌رۆكی پەرلەمانى عێراق مه‌شهه‌دانی به‌ڵێنیدا وه‌ک تیمێكی یه‌كگرتوو كاربكات بۆ یاسادانان بۆ ده‌ركردنی ژماره‌یه‌ك یاسا كه‌ خزمه‌ت به‌ خه‌ڵكی عێراق بكات.

مەحمود مەشهەدانی سیاسەتمەدارێکی عێراقییە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٨ـە لە بەغدا، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی پزیشکی بەدەستهێناوە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیدا کردووە و یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی سوننە، ساڵی ٢٠٠٦ تاوەکو ٢٠٠٩ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق و یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبی کردووە، یەکەم سەرۆکی پەرلەمان بووە لەدوای رووخانی رژێمی بەعس.

١٤ـی تشرینی دووەمی ساڵى رابردوو، بەتۆمەتی گەندەڵی و ساختەکردنی واژۆی دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی، دادگای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پێشووى پەرلەمانى هەڵوەشاندەوە.













گەلەری