سەردێڕ:

سبەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆدەبێتەوە

PM:04:54:30/10/2024

888 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی سبەی بڵاوکردەوە و بەپێی کارنامەکە سبەی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، پەرلەمانی عێراق کارنامەی دانیشتنی سبەی بڵاوکردەوە و بەپێی کارنامەکە سبەی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت.

 

پێشتر، حەیدەر مولا ئەندامی پەرلەمانی عێراق سەربە هاوپەیمانی عەزم بۆ میدیا عێراقیەکان ئاماژەی بەوە کرد، سەرجەم لایەنە سوننەکان رێککەوتوون لەسەر تێپەراندنی مەحمود مەشهەدانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.

باسی لەوەشکرد، لایەنە سوننەکان چوارچێوەی هەماهەنگیان ئاگادارکردوەتە کە ئەوان بەتەواوی پشتگیری محود مەشهەدانی دەکەن و محمد حەلبوسیش رایگەیاندوە، کە پشتیوانی مەشهەدانی دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی رابردوو شەش لایەنی سونی لەسەر لابردنی مەشهەدانی وەکو کاندیدی سەرکەوتوو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رێککەوتن و دەیانویست کەسێکی دیکە بۆ پۆستەکە دیاری بکەن.

رۆژی ١٤ی ١١ی ساڵی رابردوو، دادگای فیدراڵی عێراق، لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی پەرلەمانتاری پەرلەمانی عێراق، کۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان هێنا.

حەلبوسی دوو دۆسیەی لەدژ کرابووەوە، یەکەمیان دۆسیەکەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی بوو، کە بەهۆی ئەم دۆسیەیەوە دادگای فیدراڵی حەلبوسی لە پەرلەمان دوورخستەوە، بەوپێیەی حەلبوسی ئەو پەرلەمانتارەی ناچاركردووە پێشوەختە نووسراوی دەستلەكاركێشانەوەی بۆ بنووسێت، دادگای فیدراڵیش دەستلەکارکێشانەوەکەی دلێمی بە نایاسایی ناوبردووە.

دۆسیەیەکی تر کە لە دژی حەلبوسی کرابووەوە، دۆسیەی پەرلەمانتار باسم خەشانە، کە بە بەڵگە سەلماندوویەتی حەلبوسی لە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی تێوەگلاوە کە سەرۆکی کۆمپانیاکە سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیلە.

محەمەد حه‌لبوسی، سەرۆکی حزبی تەقەدوم لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، توانی زۆرترین دەنگی نێو پێکهاتە سونییەکان بەدەستبهێنێت و وەک سەرۆکی پەرلەمانیش هەڵبژێردرایەوە.


 













گەلەری