نوسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکە لە تاوتوێکردنی پلانێکی نوێدایە بۆ رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە، نوسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، لە قەتەر سەرۆکی سی ئای ئەی و سەرۆکی مۆساد و سەرۆک وەزیرانی قەتەر لەبارەی رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئازادکردنی بارمتەکان کۆبوونەتەوە.
باسی لەوەش کردووە، گفتوگۆکان
لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە نێوان نێوەندگیرەکان و حەماس بەردەوام دەبن بۆ
گفتوگۆکردن لەسەر دانوستانەکان و بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، میسر
پێشنیارێکی نوێی بۆ ئاگربەستی دوو ڕۆژە خستەڕوو کە لەو ماوەیەدا چوار بارمتە بە
زیندانییە فەلەستینییەکان دەگۆڕدرێنەوە.
چەند چاوگێکیش لە حەماسەوە ئەوەیان خستووەتە
روو، گروپە چەکدارییەکە ئامادەیە سەرجەم دیلەکانی ئیسرائیل ئازاد بکات بە مەرجی
کۆتایی هاتنی جەنگ.
جەنگی غەززە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش
درێژەی هەیە، جەنگەکە دوای ئەوە دروستبوو کە بزوتنەوەی حەماس بە پێنج هەزار مووشەک
هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لەو کاتەوە بڵێسەی ئاگری جەنگی نێوانیان پەرە دەسەنێت.
لە جەنگی غەززەدا سەرەڕای هەموو زیانەکانی؛ دۆخی تەندروستی لە وڵاتەکەدا بە
جۆرێک خراپە، چەندین نەخۆشی و بەتایبەتیش نەخۆشی پێست بڵاوبوونەتەوە و منداڵانیش
قوربانی یەکەمی جەنگەکەن.
سەرەڕای هۆشداری وڵاتان و هەوڵەکانیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و راگرتنی
جەنگ، بەڵام هێشتا هیچ ئومێدێک بە راگرتنی جەنگ نییە و هێرشەکانی ئیسرائیل پەلی
هاویشتووە بۆ لوبنان و سوریا و ئیرانیش.