سەردێڕ:

بۆ یەکەمجار؛ رۆبۆتێک لەگەڵ ئۆرکێسترادا ئامێرێکی موزیکی ژەند

AM:11:54:27/10/2024

1396 جار خوێندراوەتەوە

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی رۆبۆتێک کە ئامێرێکی ژێدار لەگەڵ ئۆرکێسترادا دەژەنێت بەم دوواییانە موزیکژەنان و خوازیارانی جیهانی ئەلیکترۆنی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، کە ئەمە پێشکەوتنێکە رەنگە جێی خۆی لە مێژووی میوزیکدا بکاتەوە.


رۆبۆتێک کە پێکهاتووە لە دوو قۆڵی کانزایی، لە ١٧ی ئەم مانگەدا لەگەڵ ئۆرکێسترای سیمفۆنی مالمۆی سویددا پارچە موزیکێکی بە ئامێری چەلۆ ژەند.

میدیا جیهانییەکان باس لەوەدەکەن، ئەمە بە یەکەم نمایشی رۆبۆتێک لە مێژوودا دادەنرێت کە چەلۆ دەژەنێت شانبەشانی ئۆرکێسترایەک، کە رۆبۆتەکە لەلایەن توێژەر و میوزیکدانەر فرێدریک گران پەرەی پێدراوە و بۆ ژەنینی چەلۆ پشتی بە ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد نەبەستووە، بەڵکو لەبری ئەوە بە بەکارهێنانی نۆتە میوزیکییەکان میوزیکدانەر جاکۆب مۆلراد بەرنامەیەکی بۆ داڕشتووە کە تایبەت بە رۆبۆتەکە نووسراوە.

لای خۆیەوە جاکۆب مۆلراد جەختی لەوە کردەوە، "میوزیکی ئاکۆستیکی کە رۆبۆتەکان دەیژەنن بە دڵنیاییەوە فۆرمێکی هونەرییە و بۆ خۆی سەکۆیەکە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک جێگەی ژەنیاری مرۆڤ ناگرێتەوە".
زانایان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ پەرەدان بە رۆبۆت، بە ئامانجی ئەوەی بتوانن ئەو رۆبۆتانە بە جۆرێک دروستبکەن، کارئاسانی لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤدا بکەن.
پەرەدان بە رۆبۆتیش بۆ ژەندنی موزیک هەوڵێکی نوێ نییە و پێشتریش چەندین رۆبۆت دروستکراون کە ئامێری هەوایی یاخود ژێداریان ژەندووە و ئێستاش هەوڵدەدرێت لە ئۆرکێسترادا جێگایان بکرێتەوە، بەڵام لەسەروو ئەم هەوڵانەوە زانایان کۆکن لەوەی رۆبۆتەکان و سیستمی زیرەکی دەستکرد ناتوانن جێگەی مرۆڤ بگرنەوە و وەک مرۆڤ ئەو بەرهەم و خزمەتەی پێشکەشی دەکەن ئەگەر لە هەر بوارێکدا بێت، زادەی داهێنان و پەرەسەندن و بەرکەوتنیان بە ژیان و تاقیکردنەوەکانی ژیان بێت. 















گەلەری