سەردێڕ:

بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی پەڕینەوەی کۆچبەران بە کەناڵی ئینگلیزدا زیادی کردووە

PM:07:49:26/10/2024

676 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، بەپێی ئامارەکان، لەمساڵدا رێژەی پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بە کەناڵی ئینگلیزدا بۆ ناو خاکی بەریتانیا بەراورد بە تەواوی ساڵی رابردوو زیادی کردووە و تا ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٩ هەزار کەس.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی دوایین ئامار، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ ٢٥ـی ١٠ـی ٢٠٢٤، ٢٩ هەزار و ٥٧٨ کۆچبەری نایاسایی لەڕێگەی بەلەمی بچووکەوە بە کەناڵی ئینگلیزدا پەڕیونەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەوپێیەی لە ساڵی رابردوودا ژمارەکە گەیشتبووە ٢٩ هەزار و ٤٣٧ کۆچبەر، ژمارەکە زیادی کردووە و پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو رێژەیە تێبپەڕێنێت کە لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا تۆمار کرا و بە تێکڕا ٤٥ هەزار و ٧٥٥ کۆچبەر بە کەناڵەکەدا پەڕیبوونەوە.

باس لەوەش کراوە، سەرباری ئەوەی رێوشوێنی توند بۆ رێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە کەناڵی ئینگلیزەوە گیراوەتە بەر، بەڵام بە تەنها لە مانگی تەمموزەوە تا ئێستا ١٦ هەزار و ٣٣٦ کۆچبەر لەڕێگەی بەلەمی بچووکەوە بە کەناڵەکەدا پەڕیونەتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، هەر لەمساڵدا ٦٥ کۆچبەر لەکاتی پەڕینەوەیان بە کەناڵەکەدا گیانیان لەدەستداوە و دوایین رووداو لە رۆژی چوارشەممە ٢٣ـی ١٠ـدا بووە کە تێیدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا لە ساڵی رابردوودا تەنها ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وڵاتانی ئەوروپا بەردەوام کار لەسەر دانانی یاسای نوێ و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەکەن بە ئامانجی رێگریکردن لە زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی بە نایاسایی لە ڕێگەی دەریایی و وشکانییەوە دەچنە وڵاتەکانیان.













گەلەری