سەردێڕ:

کەمتر لە دوو هەفتەى ماوە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا

PM:05:43:25/10/2024

912 جار خوێندراوەتەوە

تا دێت هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا نزیکتر دەبێتەوە و بەپێی نوێترین راپرسی، دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بە چەند خاڵێکی کەم لە پێش کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکانەوەیە. لەلایەکی دیکەوە لە ئەمریکا بەشدارییەکی بەرچاو لە دەنگدانی پێشوەختەدا هەبووە بەجۆرێک تا ئێستا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس لەڕێگەی پۆستەوە دەنگیان داوە.


پێشبینی کراوە تا دواین سات، هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و کێبڕکێی نێوان هەردوو کاندیدی دیموکرات و کۆمارییەکان گەرموگوڕیی زۆر بەخۆوە ببینن و ئەگەرچی ترەمپ بە چەند خاڵێکی کەم لە پێشەوەیە، بەڵام هێندە زۆر نیە تا جیاوازیی بەرچاو دروست بکات.

هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا تەنیا ١٠ رۆژی ماوە و بەپێی نوێترین راپرسی، دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بەڕێژەی ١٪ و لە هەندێک شوێنی دیکە بەڕێژەی ٣٪ لە ویلایەتەکانی وەک ئۆهایۆ و فلۆریدا و پێنسلڤانیا لەپێشەوەیە.

بەڵام لە بەرامبەردا کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان دەستەوەستان نیە رەخنە و هێرشە زارەکییەکانی بۆ سەر ترەمپ چڕکردووەتەوە و لە نوێترین وتەیدا ترەمپی بە (فاشیست) ناوبردووە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زیاتری دیموکراتەکان و ئەوانەی هەست بە دڵەڕاوکێ دەکەن سەبارەت بە بەها و پرۆگرامی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتی دیموکرات.

لەو رووەوە هاریس لە وتارێکیدا لە واشنتۆنی پایتەخت رایگەیاند، ترەمپ تا دێت هاوسەنگی خۆی لەدەستدەدات و هەوڵ بۆ دەسەڵاتی رەها دەدات. وتیشی، ئەوە کارێکی مەترسیدارە و ئەدۆڵف هیتلەر دەهێنێتەوە بەرچاو.

ئەو تۆمەتانەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی سیاسی دێت بۆ وروژاندنی دەنگدەران لە مەترسی ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و دووبارە زیندوکردنەوەی سیاسەتە تاکڕەوییەکانی.

هەرچی ترەمپیشە کامالا هاریسی بە منداڵ چواندووە کە ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ دۆسیە نێودەوڵەتییەکاندا بکات.

هەرچۆنێک بێت لە سایەی ئەو دۆخە بارگاوییەدا، هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا تەنیا تاقیکردنەوەیەک نابێت بۆ سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکو راپرسییەک دەبێت بۆ بەها دیموکراسییەکان و چارەنووسی سیستمی سیاسی لەو وڵاتە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا بەشدارییەکی بەرچاو لە دەنگدانی پێشوەختەدا بەخۆوە دەبینێت و تا ئێستا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن کەس لەڕێگەی پۆستەوە دەنگیان داوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، دەنگدانی پێشوەختە بەشێکی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایە کە رێگە بە ئەمریکییەکان دەدرێت بەر لە رۆژی هەڵبژاردنەکان لە ٥ ـی تشرینی دووەمدا دەنگ بدەن کە سیستمەکە لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە جیاوازە.

گرنگی ئەو دەنگدانە پێشوەختەش لەوەدایە کارئاسانی بۆ ئەو کەسانە دەکات کە رەنگە لە رۆژی هەڵبژاردن بەهۆی کارکردن یان باری تەندروستی یان گەشتکردنەوە نەتوانن ئامادەی دەنگدان بن.

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٠ ـیشدا دەنگدانی پێشوەختە رۆڵی هەبوو لە بردنەوەی جۆ بایدن، بەڵام لەمساڵدا جیاواز دەبێت، ئەوەش بەهۆی ئەو رێسا و بنەمایانەی کە لە چەند ویلایەتێکی سەر بە کۆمارییەکانن پەیڕەو دەکرێن.













گەلەری