سەردێڕ:

پیشەسازیی عێراق: تا پێنج ساڵی داهاتوو هاوردەی ئاوڕێژکەر رادەگرین

PM:04:57:24/10/2024

1268 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پیشەسازیی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی جوتیاران لەڕێگەی دابینکردنی ئاوڕێژکەر بە نرخی پاڵپشتیکراو و بە قیستی مانگانە. دەشڵێت، تا ساڵی ٢٠٢٩ هاوردەی ئاوڕێژکەر لە وڵاتانی دەرەوە رادەگرین.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، خالید بەتال وەزیری پیشەسازی و کانزاکان لە عێراق رایگەیاند، سەرقاڵی دابینکردنی هەزار و ٥٠٠ ئاوڕێژکەرن بۆ جوتیاران بە نرخی پاڵپشتیکراو.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە پلانیاندایە بەم نزیکانە کارگەیەکی نوێ بۆ دروستکردنی ئامێری ئاوڕێژکەر بکەنەوە. وتیشی، کردنەوەی کارگەیەکی نوێ یارمەتیدەرە لە زیادکردنی ژمارەی ئەو ئاوڕێژکەرانەی کە دروست دەکرێن و کەمکردنەوەی هاوردەکردنیان لە دەرەوە.

باسی لەوەش کرد، کارگەکان پێداویستی عێراق بەو ئامێرە کشتوکاڵییە پڕ دەکەنەوە، بەجۆرێک لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا هاوردەکردنی رادەگیرێت.

ئەوەشی خستووەتە روو، بۆ ئەوەی زیاتر سوودمەند بن لە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە، لەڕێگەی بانکەکانەوە قەرز دەدرێتە جوتیاران.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی تەکنیک و سیستمی نوێی ئاودێریی و گۆڕینی کوالێتی ئاوڕێژکەرەکان دەتوانن بەڕێژەی ٥٠٪ ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی زیادبکەن.














گەلەری