سەردێڕ:

سودانی: بە مەبەست ئاستەنگ بۆ گۆڕینی شەش وەزیر دروستکراوە

AM:11:30:22/12/2024

5196 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەى ئەلعەرەبیە جەدید ئاشکراى کرد کە ماوەى چەند مانگێکە سەرۆک وەزیرانى عێراق دەیەوێت بەشێک لە وەزیرەکانى کابینەکەى بگۆڕێت، بەڵام هێزەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى دژى بڕیارەکە وەستاونەتەوە، چونکە پێیانوایە گۆڕینى ئەو کەسانە کاریگەرى دەبێت بۆ سەر هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەش کردووە، هێزە دەستڕۆیشتووەکانى چوارچێوەی هەماهەنگی دەستبەرداری پرسی گۆڕینی وەزیرەكان بوون، كە بڕیاربوو سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەنجامیبدات و ٦ وەزیری دەگرتەوە، بەهۆی بێتوانییان لە راپەڕاندنی ئەركەكانیان.

هاوکات، سودانی لەكۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا بەڵێنەكانی دووپاتكردەوە بە ئەنجامدانی هەمواری وەزارەی، كە ئەوە بە چوارەم بەڵێنی دادەنرێت لەدوای دەستبەكاربونی لە پۆستەكەی، بەبێ ئەنجامدانی هیچ رێوشوێنێكی كرداری لەبارەی ئەو گۆڕانكارییە.

رۆژنامەکە ئاماژەى بە لێدوانێکى كازم فەیاز، پەرلەمانتاری سەربەخۆ کردووە کە پێیوایە، دەرفەتی گۆڕینی وەزیرەكان كۆتایهات، بەهۆی رەتكردنەوەی لەلایەن زۆرینەی هێزە باڵادەستەكانەوە، دەیانەوێت دۆخەكە بەوشێوەیە بەردەوامبێت، بۆ ئەوەی هیچ كاریگەرییەكى سیاسی بۆ هەڵبژاردن دروست نەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، قسەکردن لەسەر گۆڕینى ئەو وەزیرانە لە کابینەکانى پێشویش چەند وەزیرێک لەسەر گەندەڵى لە کارەکانیان لابراون، بەڵام لە هەرێمى کوردستان و لە ٣٢ ساڵى رابردوودا هیچ وەزیرێک لەسەر گەندەڵى دەرنەکراوە و بەپێى راپۆرتەکانى چاودێرى دارایی و لیژنەى دەستپاکى چەندین وەزیرى هەرێم تۆمەتبارن بە گەندەڵى.

 













گەلەری