سەردێڕ:

نەتەوە یەکگرتووەکان:لە سەرەتای جەنگەوە دانیشتووانی ئۆکرانیا هەشت ملیۆن کەس کەمی کردووە

PM:05:14:23/10/2024

1024 جار خوێندراوەتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا و لەماوەی ئەو دوو ساڵەی جەنگدا، ژمارەی دانیشتووانی ئۆکرانیا هەشت ملیۆن کەس کەمی کردووە.


سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، پێش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠٢٢، ژمارەی دانیشتوانی ئۆکرانیا ٤٣ ملیۆن کەس بووە، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە دابەزیەوە بۆ ٣٥ ملیۆن کەس.

باسی لەوەش کردووە، هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئۆکرانیا بۆ کەمی رێژەی لە دایکبوون و زۆری کۆچی هاوڵاتییانی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە کە تا ئێستا نزیکەی شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس ئۆکرانیایان بەجێهێشتووە.

ئەوەش هاتووە، هۆکارێکی دیکەش کوژارنی سەدان هەزار ئۆکرانییە لە جەنگدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە جەنگی ئۆکرانیا و رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا دەستی پێکردووە و تاوەکو ئیستاش بەردەوامە.

لە سەرەتای جەنگەکەدا چەند جارێک شاندی ئاشتی هەردوو وڵات کۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتە هیچ رێککەوتنێک.

رووسیا باس لەوە دەکات، پێویستە ئۆکرانیا دەستبەرداری ئەو ناوچانە ببێت کە سەربازانی روسیا دەستیان بەسەردا گرتووە و دەشبێت وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا لە هاوکارییەکانیان بووەستن بۆ ئۆکرانیا و هەوڵی فراوانکردنی جەنگەکە نەدەن.

ماریا زاخارۆفا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، پێویستە ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بێلایەنانە بێتە سەر مێزی ئاشتی لەگەڵ رووسیا نەوەک کاریگەری ئەمریکا و ناتۆی لەسەر بێت.

وتیشی، ئەوەی بە جەنگی رووسیا ناودەبرێت ئەوان بە کاردانەوەی رووسیای دەبینن لە بەرامبەر فراوانبوونی ناتۆ بەرەو رۆژهەڵاتی رووسیا.

هاوکات، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەگەر ئۆکرانیا دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت پێویستە دەستبەرداری بەشێکی زۆر لە زەوییەکانی ببێت .













گەلەری