سەردێڕ:

بازرگانیی عێراق: ئەو هایپەرمارکێتانەی دەیانکەینەوە هەشت هەزار هەلی کار دابین دەکەن

PM:01:22:23/10/2024

5792 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ئەو هایپەرمارکێتانەی بڕیاریان داوە بیانکەنەوە، هەشت هەزار هەلی کار دابین دەکات و خۆی لە ١٥٠ لقدا دەبینێتەوە.


محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بارزگانیی عێراق رایگەیاند، پلانی کردنەوەی ١٥٠ لقی هایپەرمارکێت لە عێراق بۆ پاڵپشتیکردنی دەستی کار و دابەزاندنی نرخی کەلوپەل و خۆراک و راگرتنی هاوسەنگی نرخە لە بازاڕەکاندا، کە لە قۆناغی یەکەمدا پێنج بۆ شەش لقی لێدەکرێتەوە.

باسی لەوەشکرد، پلانێکی پێنجینەیان داناوە و دەیانەوێت لەو رێگایەوە ئاسایشی خۆراک بپارێزن و پاڵپستی گەنجانیش بکەن بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان.

وتیشی، کردنەوەی ئەو هایپەرمارکێتانە سەرەڕای ئەوەی دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەو گەنجانەی خاوەن کار و بازرگانی بچوکی خۆیانن پەرە بە کارەکانیان بدەن و بازاڕی بۆ پەیدا بکەن، دەشبێتە ئاسانکاریی بۆ ئەو خێزانانەی کە کەمدەرامەتن یان داهاتی انگانەیان سنووردارە وەک فەرمانبەران.

ئەو وتەبێژە ئەوەشی خستە روو، لەو ناوەندانەدا سەرجەم خۆراک و پێداویستییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیان دابیندەکرێت و پارەدانی ئەلیکترۆنیش بەکاردەهێنرێت، بۆئەوەی ببێتە هۆکارێک بۆ سەقامگیری نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار.

روونیشیکردەوە، لە سەرجەم ناوەندەکاندا، رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکان و کۆمپانیاکانی دیکەی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکرێت، کە نرخەکان بۆ خانەنشینان زیاتر دابشکێنن.

محەمەد حەنون ئاماژەی بەوەشکرد، بە سەرجەم ناوەندەکانەوە هەشت هەزار هەلی کار دابین دەکەن، کە سێ هەزاریان بەشێوەی راستەوخۆ و پێنج هەزار هەلی کاری دیکەشیان بەشێوەی ناراستەوخۆ دەبێت.

لەبارەی دیزانی مارکێتەکانەوە ئەو وتەبێژە رایگەیاند، سەرجەم لقەکان لە رووبەرێکی فراواندا دەبن، بە جۆرێک هەندێکیان پانترین رووبەریان دەبێت بەراورد بە مارکێتەکانی دیکە لە عێراقدا، جگە لەوەی شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلیش دابین دەکەن بۆ ئەوەی هیچ ئاستەنگییەک لەسەر شەقامە گشتییەکان و شەقامەکانی دەروبەری ئەو ناوەندانە دروست نەبێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ١٥ی ئەم مانگەدا وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، پلانێکی پێنجینەییان داناوە بۆ کردنەوەی چەندین هایپەرمارکێت لە عێراقدا.

عێراق بەردەوام ناوەندی بازاڕکردن دەکاتەوە، کە کەلوپەل و خۆراک بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن، ئەوەش وادەکات کێبڕکێ لەنێوان کەرتە تایبەتەکان و ئەو بازاڕە حکومییانەدا دروست ببێت و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هەرزانی و جێگریی نرخ و هاوڵاتیان لێی سوودمەند دەبن.













گەلەری