سەردێڕ:

بەڕێوەبەرێکی نوێ بۆ هێڵی ئاسمانیی عێراق دانرا

PM:02:58:21/10/2024

1448 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، سالم عەبدولحسین کەعبی وەک بەڕێوەبەری نوێی هێڵی ئاسمانیی عێراق دیاریکرا.


میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، سالم عەبدولحسین کەعبی بە بەڕێوەبەری نوێی هێڵی ئاسمانیی عێراق دیاریکرا و لە نووسراوێکدا هاتووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە بۆ دیاریکردی کەعبی بۆ ئەو پۆستە.

ئەوەش خراوەتە روو، لەمەودوا تەواوی دەسەڵاتەکان بۆ بەڕێوەبەری گشتیی هێڵە ئاسمانییەکان لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، دراوەتە سالم عەبدولحسەین کەعبی.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە ١٣ی مانگی رابردوودا، نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا؛ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق لە کارەکەی دوورخرایەوە.

لە راگەیەنراوەکەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتبوو، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند گرفتێک لە گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقیدا روویدا و لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون و ئاشکراکردنی هۆکارەکان پێکهێنرا.

باس لەوەش کرابوو، پاش ئەوەی لیژنەکە کارەکانیان تەواو کرد بۆیان دەرکەوت هۆکاری گرفتەکان کەمتەرخەمی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی بووە، هەربۆیە راسپاردەیەکیان ئاڕاستەی وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی عێراق کرد و داوای دوورخستنەوەی بەڕێوەبەرەکەیان کرد، وەزیریش داواکەی پەسەند کرد.













گەلەری