سەردێڕ:

ساڵی ٢٠٣٠ لە یەکێتیی ئەوروپا پاسپۆرت دەخرێتە سەر مۆبایلی زیرەک

PM:07:37:19/10/2024

1808 جار خوێندراوەتەوە

بە مەبەستی ئاسانکاریی زیاتر لە گەشتی هاوڵاتیان، کۆمسیۆنی ئەوروپا پلانی هەیە تا ساڵی ٢٠٣٠ زانیاریی ناو پاسپۆرتە کاغەزەکان بخرێنە ناو ئەپڵیکەشنی مۆبایلە زیرەکەکانەوە، کە وادەکات گەشتکردن بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا خێراتر بێت.


لە چەند ساڵی داهاتوودا رەنگە هەندێک لە گەشتیاران لە ئەوروپا پاسپۆرتە کاغەزەکانیان لەبیر بکەن و لە فڕۆکەخانەکان کاری پێنەکەن، ئەوەش لە سایەی هەنگاوێکی نوێ کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ خەزنکردنی زانیارییەکانی پاسپۆرت بەشێوەی دیجیتاڵیی لەناو مۆبایلەکاندا.

ئەم هەنگاوەی یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٣٠ دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئاسانکاری لە خێرایی رێوشوێنەکانی پشکنین دەکات لەسەر ئاستی سنوورەکانی ناوچەی شینگن.

لەو چوارچێوەیەدا کۆمسیۆنی ئەوروپا کە پلانە نوێیەکەی ئاشکرا کردووە دەڵێت، پاسپۆرتە دیجیتاڵییەکە وا دەکات پشکنینی گەشتیاران لە بازگە و فڕۆکەخانەکاندا تەنیا هەشت چرکە بخایەنێت کە پێشبینی کردووە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاریی دروست بکات، هەروەها وا دەکات لە فڕۆکەخانە و خاڵە سنوورییەکاندا تیشکی زیاتر بخرێتە سەر قاچاخچی کۆچبەران و ئاشکراکردنیان.

ئەم گۆڕانکارییە دیجیتاڵییە ئامانجی ئەوەیە، گەشتکردن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا ئاسانتر بێت، چونکە هاوڵاتیان دەتوانن کۆپی دیجیتاڵی پاسپۆرتەکانیان لەسەر مۆبایلەکانیان بەکاربهێنن لەکاتی تێپەڕبوون بە سنوورەکاندا، لەبری ئەوەی پێویست بکات بەدوای بەڵگەنامەی تەقلیدیدا بگەڕێن.

ئەو هەنگاوەش لەگەڵ ستراتیژی شنگن یەکدەگرێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢١ ـەوە پەسەند کراوە، کە وڵاتانی ناوچەکەی پابەند کردووە بە زیادکردنی رێکارەکانی تایبەت بە دیجیتاڵکردن لە سنوورە دەرەکییەکان.

ئەوە لە کاتێکدایە، بەر لە جێبەجێکردنی پلانەکە، دەبێت سەرەتا لەلایەن ئەنجومەنی یەکێتیی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپاوە پەسەند بکرێت، کە ئێستا بەشێوەی ئەزموونی لە فڕۆکەخانەی چەند وڵاتێکی ئەوروپا جێبەجێ دەکرێت.

هەرچۆنێک بێت یەکێتیی ئەوروپا خوازیارە نزیکەی ٨٠٪ـی هاوڵاتیانی ٢٧ وڵاتەکەی یەکێتیەکە بتوانن تا ساڵی ٢٠٣٠ پاسپۆرتی دیجیتاڵیی بەکاربهێنن.

هەر کەسێکیش کە خوازیاربێت ئەو خزمەتگوزارییە بەکاربهێنێت، سەرەتا دەبێت ئەپڵیکەیشنی پرۆگرامەکە لەسەر مۆبایلە زیرەکەکەی دابەزێنێت، کە لە ڕێگەیەوە پاسپۆرتەکە سکان دەکرێت و رێوشوێنی ناسینەوەی روخسار ئەنجام دەدرێت.

هەروەها خزمەتگوزاریی پاسپۆرتی دیجیتاڵی ئارەزومەندانە و بێبەرامبەر دەبێت بۆ گەشتیاران، بەو پێیەش بێت گەشتیارانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا پێویستە لە کاتی چوونیان بۆ ناوچەی شنگن بە سکانەرەکاندا تێپەڕن، کە زۆربەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ نەرویج و ئایسلەندا و لیشتنشتاین و سویسرا دەگرێتەوە، بەڵام ئێرلەندا و قوبرس ناگرێتەوە.













گەلەری