وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە مانگی داهاتوودا نزیکن لە قۆناغی کۆتایی و تا ئێستا زیاتر لە ٩٠٪ـی کارەکان تەواو کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەبدولزەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، رێژەی تەواوبوونی کارەکانی پەیوەست بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان بە هەرێمی کوردستانیشەوە، پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا کارەکانی پەیوەست
بە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێرییەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، ٩٠٪ـی تێپەڕاندووە.
لەبارەی پڕۆژەکانی تایبەت بە دروستکردنی
قوتابخانەی نوێ لە عێراق، وتەبێژەکە باسی لەوە کرد، هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی
پڕۆژەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و تیمەکانی پەیوەندیدار بەردەوامن لە کارەکانیان
بۆ کردنەوەی ژمارەیەک قوتابخانەی نوێ لە ئایندەدا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوایین سەرژمێرى لە ساڵى ١٩٩٧ لە عێراق کراوە و بەپێی ئەو
ئامارە ژمارەی دانیشتوانی عێراق ١٩ ملیۆن کەس بووە و سەرژمێرییەکە بەبێ هەرێمی
کوردستان ئەنجامدرا، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا سەرژمێرى گشتى نەکراوە و بڕیارە
مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سەرژمێرى بکرێت و هەرێمیش دەگرێتەوە.