سەردێڕ:

چیرۆکی سەرکەوتنی ژاپۆن لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە

PM:06:54:16/10/2024

1756 جار خوێندراوەتەوە

سەرباری وێرانکارییەکان و شکستی لە جەنگدا، گەلی ماندوونەناسی ژاپۆن لە ژێر خۆڵەمێشی جەنگەوە هەستایەوە و توانی لە ماوەیەکی کەمدا ببێتە نمونەیەک لە پێشکەوتن.


ژاپۆن یەکێک بوو لە وڵاتانەی بە سەختی بە جەنگی جیهانیی دووەم کاریگەر بوو، ژێرخانەکەی خاپوور کرا و دوو بۆمبی ئەتۆمیشی ئاڕاستە کرا، بەڵام ئەوەی پێشبینی نەدەکرا هەستانەوەی ئەو وڵاتە پڕ قوربانییە بوو، بەجۆرێک لە دوای تەنیا سێ دەیە بووە خاوەنی سێیەم ئابووری لە جیهاندا.

لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگەکە و تا ساڵی ١٩٥١، ژاپۆن لە ژێر دەستی ئەمریکادا بوو، ئەو قۆناغەش یەکێک بوو لە خراپترین قۆناغەکانی مێژووی ژاپۆن و کاتێکیش ساڵی ١٩٥٢ سەربەخۆیی بەدەستهێنا، ئابوورییەکەی بە تەواوەتی داتەپی و هاوکات کەرتی بەرهەمهێنان ئیفلیج بوو، بەوەش ژاپۆن کەوتە ژێر هەڕەشەی برسێتیەکی سەختەوە.

لەو کاتەدا ژاپۆن هەلی کەم و دیاریکراوی لەبەردەمدا بوو، کە دەبوایە یان بەهای دراوەکەی بەشێوەیەکی سەخت داببەزێنێت، یان سیاسەتی سکهەڵگوشین و پوکانەوەی ئابووری پەیڕەو بکات، هەروەها بژاردەیەکی دیکەش هەبوو کە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان بوو، ئەوەش باشترین بژاردە بوو.

لەو چوارچێوەیەدا یەکێک لە هەنگاوەکان گۆڕانکاریی بوو لە ئابووریی وڵات کە رێچکەی پیشەسازی لەبری کشتوکاڵی گرتەبەر، بە تایبەتی لە پیشەسازیی ئۆتۆمبیل و کانزاکاندا.

لە لایەکی دیکەوە ژاپۆن پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بەست، بە تایبەتی لەگەڵ ئەمریکا کە ناکۆکییەکانی رابردووی لەگەڵدا وەلانا، هەروەها پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشخست.

لەڕووی خزمەتگوزاری و بیناسازیشەوە دەستکرا بە بونیادنان و پێشخستنی رێگاوبانەکان و باڵەخانە و تاوەری بەرز هاتە کایەوە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی موعجیزەی ئابووریی ژاپۆن کە ساڵی ١٩٥٥ دەستیپێکرد و تا ساڵی ١٩٩٠ بەردەوام بوو، بریتی بوو لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان پیشەگەران و دابینکەر و دابەشکەر و بانکەکان، ئەوەش لە چوارچێوەی چەند گروپێکی پێکەوە بەستراو ناسراو بە "کیرستۆ".

ئەنجامەکەشی ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٨٠ تێکڕای داهاتی ناوخۆ لە ژاپۆن بۆ سەروو تریلیۆنێک دۆلار بەرز بووەوە، بەشێوەیەک ئابووریی ژاپۆن بووە ئەزموونێکی ئیلهامبەخش و پێشەنگ لە سەرتاسەری جیهاندا.













گەلەری