سەردێڕ:

هۆکاری سپیبوونی قژ پێش تەمەنی ٣٠ ساڵی چییە؟

PM:11:24:15/10/2024

1452 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا شتێکی ئاساییە کە تاڵی سپی لە قژدا دەربکەوێت، بەڵام بەشێک لە خەڵکی لە تەمەنێکی کەمدا دووچاری ئەو حاڵەتە دەبن، هۆکارەکەشی لەوانەیە بەهۆی بۆماوەییەوە یان باری دەروونی یان هەندێک هۆکاری ترەوە بێت.


لێکۆڵینەوەیەکی سعودی هۆکاری زوو سپیبوونی قژ پێش تەمەنی سی ساڵی ئاشکرا دەکات و باس لەوە دەکات کە فشاری دەروونی دوو هێندە ئەگەری دەرکەوتنی تاڵی سپی پێش تەمەنی سی ساڵی زیاد دەکات، هەروەها جگەرەکێشان، خۆراکی ناتەندروست و وەرزشنەکردن هۆکارن بۆ زوو سپیبوونی قژ.

لێکۆڵینەوەکە باس لەوە دەکات کە هۆکارەکان روون نین، بەڵام هۆرمۆنی سترێس "کۆرتیزۆڵ" یان دەرمانی تەندروستی دەروونی دەبێتە هۆی هەوکردنی زیانبەخش لە پێستی سەردا.

لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا تیمەکە بۆیان دەرکەوتووە لە دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی ئەگەری سپیبوونی قژ دوو هێندە زیاد دەکات، بۆماوەیش گەورەترین هۆکاری زوو سپیبوونی قژە، جگەرەکێشانیش مەترسییەکە زیاد دەکات، بەڵام خۆراکی باش دەتوانێت ئەم مەترسییە بە رێژەی ٣٢٪ کەم بکاتەوە.

تورکی ئەلبەنهار، نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت، "گۆڕانکارییەکانی شێوازی ژیان وەک وازهێنان لە جگەرەکێشان، خواردنی خۆراکی هاوسەنگ و کەمکردنەوەی فشارە دەرونییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی زوو سپیبوونی قژ".













گەلەری