سەردێڕ:

سودانی: سیستمی دیجیتاڵی یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ هاوڵاتیان

PM:06:04:13/10/2024

1040 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سیستمی دیجیتاڵی کە خۆی لە گۆڕینی مامەڵە داراییەکان لە نەختینەوە بۆ دراوی دیجیتاڵی ناسراو بە (کریپتۆ) دەبینێتەوە، لەپاڵ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، یارمەتیدەرە لە باشترکردنی کوالێتی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ هاوڵاتیان.


ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی باڵای گۆڕانکاریی دیجیتاڵی لە عێراق رایگەیاند، لەپێناو پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و باشترکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆ هاوڵاتیان، هەوڵدەدەن سیستمی دیجیتاڵی لە دامودەزگاکانی کەرتی گشتیدا جێبەجێ بکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی باڵای گۆڕانکاریی دیجیتاڵی لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بۆ جێبەجێکردنی سیستمی دیجیتاڵی سوود لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی وڵاتانی دیکەی جیهانەوە وەردەگرن، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمسیۆنی پەیوەندییەکان و بانکی ناوەندی لەگەڵ کۆمپانیا دیجیتاڵییە نێودەوڵەتییەکان دانوستان دەکەن.

ئەوەشی خستە روو، هەنگاوەکانی گۆڕینی دیجیتاڵی لە بەشی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەند کردووە و لە ئایندەشدا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی سیستمەکە لە بەشی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەدەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بانکی ناوەندیی عێراق سەرقاڵی ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی داراییە کە خۆی لە گۆڕانکاریکردن لە مامەڵەداراییەکان لە نەختینەوە بۆ دراوی دیجیتاڵی ناسراو بە (کریپتۆ) دەبینێتەوە.

هەر لەو بارەیەشەوە، بانکی دراوی دیجیتاڵی جیهانی ( سی بی دی سی)، لە راپۆرتی ساڵانەیدا رایگەیاندبوو، ئەو هەنگاوە بە هاوبەشی دەبێت لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەراست کە تێیدا دراوێکی ئەلیکترۆنی هاوبەش دروست دەکرێت، لەڕێیەوە سەرجەم پڕۆسە ئابووری و داراییەکانی عێراق و جیهان بەڕێوە دەچێت.













گەلەری