سەردێڕ:

سودانی: بەرهەمهێنان لە کەرتی وزە بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە

PM:08:16:27/09/2024

972 جار خوێندراوەتەوە

هەنگاوەکانی عێراق بەردەوامە لە بەرەوپێشبردنی کەرتی وزە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی ئایندەدا هاوردەکردنی بەنزین بەتەواویی رادەگرن و کاری جددی بۆ راگرتنی هاوردەکردنی غازیش دەکەن لە چەند ساڵى داهاتوودا.


محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەرهەمهێنان لە کەرتی وزەدا بەرەوپێشچوونێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، کار دەکەن بۆ راگرتنی هاوردەکردنی بەنزین و غاز بەتەواوی.

ئاماژەی بەوەش کرد،لە ساڵانی رابردوودا هاوردەکردنی سەرچاوەکانی وزە زیانی زۆری بە ئابووریی عێراق گەیاندووە، بەوپێیەى حکومەت بە نرخى پاڵپشتکراو سوتەمەنییەکان بە هاوڵاتیان و کاسبکاران دەفرۆشێتەوە، هەربۆیە زۆر بەوردی کاریان کردووە بۆ گەیشتنە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی سەرچاوەکانی وزە، بەشێوەیەک لە سەرەتای ساڵی ئایندەدا هاوردەکردنی بەنزین بەتەواوی رادەگرن.

ئەوەشی خستە روو، ئەم هەنگاوە دواى بەگەڕخستنى پاڵاوتگەی ستراتیژیی کەربەلا، کە توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە ١٤٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، هەروەها نۆژەنکردنەوەی پاڵاوتگەی بێجی کە توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە ١٥٠هەزار بەرمیلى رۆژانە.

بەپێی داتاکانى کۆمپانیاى دابەشکردنى بەرهەمە نەوتییەکان، لە ئێستادا عێراق رۆژانە ٣٢ ملیۆن لیتر بەنزین بەکاردەهێنێت و زۆربەشى لە دەرەوە هاوردە دەکات، بەو پێیەى لەماوەى سێ مانگی رابردوودا ٧٢٢ ملیۆن تۆن بەنزینى هاوردە کردووە.

هەرچى غازیشە، لە ئێستادا ساڵانە عێراق بە بەهاى زیاتر لە ١٠ ترلیۆن دینار غاز هاوردە دەکات، کە زۆرینەى بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا بەکاردەهێنرێت. بەڵام عێراق چاوى لەوەیە تا ساڵى ٢٠٢٨ بگاتە ئاستى خۆبژێویی و پێویستى بە هاوردەکردن نەمێنێت.













گەلەری