سەردێڕ:

بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق: دەست بە هەناردەکردنی سووتەمەنیی فڕۆکە دەکەین

PM:04:15:25/09/2024

1344 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق رایگەیاند، یەدەگی ستراتیژی بەرهەمە نەوتییەکان لە ماوەی ئەمساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن لیتر. دەشڵێت، " لە پلانماندایە سووتەمەنیی فڕۆکە هەناردەی دەرەوە بکەین".


ئەمڕۆ چوارشەممە، حسێن تالیب بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، یەدەگی ستراتیژی بەرهەمە نەوتییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست دەکەن بە هەناردەکردنی بڕی زیادەی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ دەرەوەی عێراق.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی بڕی بەرهەمەکە لە ئاستی پێویستی زیاترە، لە پلانیاندایە سووتەمەنیی فڕۆکە کە لە پاڵاوتگەی کەربەلاوە بەرهەم دەهێندرێت، هەناردە بکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ١٢ـی ئەم مانگەدا محەمەد خەزیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری هاوردەکردن و هەناردەکردنی نەوت و گاز رایگەیاند، عێراق لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی و پێویستی بە هاوردەکردنی نەوتی سپی و گاز نەماوە و تا کۆتایی ئەمساڵیش هەنگاوەکانیان چڕتر دەکەنەوە.

وتیشی، " عێراق بیر لەوە دەکاتەوە لەماوەی ١٢ مانگی داهاتوودا ببێتە وڵاتێکی هەناردەکاری بەرهەمە نەوتییەکان و بەتایبەتیش بەنزین و غاز و گاز کە سێ سەرچاوەی گرنگی سووتەمەنی جیهانین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا".













گەلەری