سەردێڕ:

لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا لیژنەی دارایی عێراق دێتە هەرێم

AM:09:11:22/09/2024

6788 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان رایگەیاندووە، بۆ تاوتوێکردنی پرسی دارایی و پابەندبوونەکانی هەرێم بە رێککەوتنەکان، لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا لیژنەی دارایی عێراق سەردانی هەرێم دەکات.


جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا لیژنەی دارایی عێراق سەردانی هەرێم دەکات و لەگەڵیان کۆدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجی سەرەکی سەردانەکە پێداچوونەوە دەبێت بە خەرجی و داهاتەکانی هەرێم و پابەندبوونەکانی بە مەرجەکانی رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا. 

سەردانەکەی ئەو شاندەی عێراق بۆ هەرێم لەکاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ شاندی هەرێم بچنە بەغدا و لەگەڵ خۆیاندا لیستی مووچەی مانگەکانی ٨ و ٩ ببەن و رادەستی بەغدای بکەن. 
نزیک دەبینەوە لە مانگی ١٠ و هێشتا لیستی مووچەی مانگی هەشت لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە نەنێردراوە بۆ بەغدا، لەکاتێکدا بەپێی نووسراوی خودی حکومەتی کاربەڕێکەر خۆی دەبوایە تا دوێنێ لیستی مووچەی مانگەکانی ٨ و ٩ـی مووچەخۆران تەواو ببوایە و رەوانەی بەغدا بکرایە.

پێشتریش، ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەرێم ئەمجارە گرفتێکی نوێی لە لیستی مووچەی مانگی هەشتدا دروست کردووە ئەویش لە ناوی ئەو مووچەخۆرانەیە کە مۆڵەتی بێ مووچەیان کردووە.

ئەوەشی خستە روو، ماوەی ساڵێکە هەرێم ناوی هەزاران مووچەخۆری لە لیستی مووچەدا ناردووە بۆ بەغدا و پارەی مووچەکەی وەرگرتوون بەبێ ئەوەی بەغدا بزانێت ئەم مووچەخۆرانە مۆڵەتی بێ مووچەیان کردووە.

هاوکات، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەگەر لەم هەفتەیەدا هەرێم لیستی مووچەی مانگی هەشت ئامادە بکات و بینێرێت بۆ بەغدا، ئەگەری هەیە بەهۆی ماوەی وردبینیکردن و پێداچوونەوە بە لیستەکە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، ناردنی پارە بۆ مووچەی مانگی هەشت و دابەشکردنی بەسەر مووچەخۆراندا بکەوێتە سەرەتای مانگی ١٠.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت ناردنی لیستەکە دوا بخەن، تا دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی ٨ و ٩ بکەوێتە کاتی هەڵبژاردن و ئەو مافەی هاوڵاتیان وەک بانگەشە بەکار بهێنن.













گەلەری