PM:10:06:21/09/2024
1812 جار خوێندراوەتەوە
داهاتى ناوخۆ، پارەیەکى بێ شومار و زۆر، پارتى و یەکێتى دەستیان بەسەرداگرتووە، نە دەیکەن بە مووچە و نەدەدرێت بە بەغدا، لە هەشت مانگی رابردوودا بەپێى ئامارى خودى حکومەتى کاربەڕێکەر خۆى زیاتر لە سێ ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دینار بووە، بەڵام حکومەتەکەى پارتى و یەکێتى هیچ قسەیەکى لەسەر ناکات.
نزیک دەبینەوە لە مانگی ١٠ و تا ئێستا مووچەخۆران مووچەی مانگی هەشتیان وەرنەگرتووە، حکومەتی کاربەڕێکەریش بە وتەی خۆیان مانگانە لە داهاتی ناوخۆ ٤٥٢ ملیار دیناریان دەست دەکەوێت، بەڵام نۆ مانگی ئەمساڵ تێپەڕیوە تا ئێستا دەستیان بۆ یەک دیناری داهاتی ناوخۆ نەبردووە تا مووچەی پێ دابەشبکەن، بەپێی زانیارییەکانیش لەو پارەیەی کۆتا جار بەغدا بۆ مووچە ناردی بۆ هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠٠ ملیار دیناری ماوەتەوە و نایدەن بە مووچە، هاوشێوەی داهاتی ناوخۆ و نەوتی قاچاخ دەستیان بەسەر پارەکەدا گرتووە.
جیا لەوەش
حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا ناکات تا حکومەتی عێراق بەردەوام بێت
لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بەردەوام گرفت دروست دەکات، لە کاتێکدا بەغدا
لە هەشت مانگی رابردوودا نزیکەی شەش ترلیۆن و ١٠٠ ملیار دیناری ناردووە، بەڵام
حکومەتی کاربەڕێکەر تەنها ٢٣٠ ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی رادەستی بەغدا کردووە کە
ناکاتە ٥٪ـی داهاتەکە، وە خۆیشی ئامادە نەبووە دەست بۆ یەک دیناری داهاتی ناوخۆ و
نەوتی قاچاخ ببات و مووچەی پێ دابەشبکات.
هاوکات حکومەتی
کاربەڕێکەر بەوپێیەی داهاتی یەک مانگی ناوخۆ ٤٥٢ ملیار دینارە، لە هەشت مانگی
رابردوودا زیاتر لە سێ ترلیۆن و ٦٠٠ ملیار دیناری دەستکەوتووە بەڵام کەس نازانێت چی
لێکراوە، ئەوەش جیا لەوەی پارتی و یەکێتی بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوت بەشێوەی قاچاخ
کە داهاتی مانگانەی بە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت بەوەش لە هەشت مانگدا
داهاتی نەوتی قاچاخ نزیکەی چوار ملیار دۆلار بووە، کە بەوەش هەرێم بەبێ پارەی بەغداش
دەتوانێت مانگانە بە
ئاسانی مووچە دابەش بکات بەڵام ئەو داهاتانە پارتی و یەکێتی بۆ خۆیانی دەبەن.