کوێ ماوە بیفرۆشن؟
PM:07:35:01/12/2024
900 جار خوێندراوەتەوە
عەبدوڵڵا عەبدولخالق
+
-
لە هەموو وڵاتانای دونیادا، ئەو جێگایانەی کە
بوونەتە ناسنامە و شوناسێکی وڵاتەکە، بە درێژایی مێژوو و لە گشت بارودۆخێکدا، تەنانەت
لە کاتی جەنگی جیهانی و جەنگی ناوخۆیی وڵاتەکەشدا، پارێزراون و نەهێڵدراوە بشێوێندرێن،
کەس تا ئێستا بیستویەتی میسڕ بڵێ زەوی نزیک لە هەڕەمەکان ئەفرۆشم؟ فەڕەنسا بڵێ بەرامبەر
بورجی ئیفڵ زەوییەکەی تیجارییە بۆ پڕۆژە باشە؟ ئەمریکا سێنتراڵ پارکی هەیە لەناوجەرگەی
نیویۆرکدا کە تەنها نرخی زەوییەکەی ٣٩ ترلیۆن دۆلارە!! ئەرێ کەس بیستی بڵێن کاکە
لایەکی دەفرۆشین و کۆمپانیایەک دەیکاتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون؟ ئەمانە و دەیان نمونەی
تر.
بە پێچەوانەی هەموو دونیاوە، ئەوەی لە
کوردستانی خۆمان رۆژ بە رۆژ دەیبینین، سەرت دەکوڵێنێ! ئاخر بە نموونە شاخی گۆیژە لەوەتای
هەیە یەکێک بووە لە ڕەمزەکانی سلێمانی، هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم شارەوە لای
خەڵکەکەی تا دەگاتە شاعیر، نوسەر و تەنانەت ئەو کەسانەشی لە دەرەوە هاتوونەتە شارەکە،
وەک پیرۆزییەک لێیان روانیوە، وەلێ دەسەڵاتی کوردی و بەتایبەت بڵێین یەکێتی، بە تایبەتتریش
بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی برای، وەک ئەوەی نە بایان دیبێ نە باران، ئەملاو ئەولای
شاخەکەیان بە کۆمپانیایەکی نزیک لە خۆیان فرۆشت، مەگەر بەس خودا بزانێت چەند پارەیان
لە بەرامبەریدا وەرگرتووە، ئاخر ئەگەر تۆزێک ویژدان هەبێت، رەمزی شارەکەت ئەفرۆشیت؟
جگە لە گۆیژەش، ئەوەتا لە تازەترین مەزاددا،
جەنابی بافڵ تاڵەبانی زەویی کارگەی کۆنی چیمەنتۆی سلێمانی و زەوییەکانی دەوروبەری
بە کۆمپانیایەک فرۆشتووە لەبەرامبەر ملیارێک دۆلاردا! بە شەرتێک، ئەو زەوییە موڵکی وەزارەتی پیشەسازییە
و لە دەسەڵاتی حزبدا نییە تەخشان و پەخشانی
بکات و بیفرۆشێت، جگە لە رەمزە مێژووییەکەی ئەو شوێنە بۆ خەڵکی سلێمانی کە جاری
جاران بۆ گەشت و سەیران روویان تێدەکرد، پڕۆژەی ئاوی سەرچنار لەوێیە، تێکدانی ئەو
شوێنە و کردنی بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونیش، بە دڵنیاییەوە سەرچاوەی ئاوی سەرچنار وشک
دەکات کە بەشێکی زۆری خەڵکی سلێمانی ئاوی خواردنەوەیان لەسەر ئەو پڕۆژەیەیە!
ئەمەی باسم کرد دوو نموونەی بچوکن لەو دەیان
شوێن و جێگایانەی تر کە یەکێتی لەدوای راپەڕینەوە، دەستی کردووە بە فرۆشتنیان و
داهاتەکەشی راستەوخۆ بۆ گیرفانی حزب و ئیدارەی گشتیی حزبەکەیە، بە دڵنیاییەوە ئەم
قسانە بۆ زۆنی زەردیش راستن، پارتیش هیچی لە یەکێتی کەمتر نەکردووە.
وەزعەکە وا بڕوات، هەر لە بەردەرگای ماڵی خۆمان
بێینە دەرەوە یەکێک دێت و دەڵێت، کاکە لێرەوە هاتوچۆ مەکە! بۆ ؟ ئیدارەی گشتی فرۆشتوویەتی
بە فڵان کۆمپانیا و کەس بۆی نییە هاتوچۆی لێوە بکات، بە کوردییەکەی، لە شارەکەی خۆمان
بووین بە غەریبە و هیچی وەک خۆی نەماوەتەوە.