لەسەروبەندی نووسینەوەی مێژووی نوێدا
PM:06:24:02/12/2024
692 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+
-
گەڕانەوە بۆ
ساڵی ١٩١٩ هەتا ١٩٢٣ سەردەمی ڕوخانی ئیمپراتۆرەکان و دابەشکردنەوەی میراتی ئیمپراتۆرەکان
و بێ بەشبوونی کورد کارەساتی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەگەر ئێستا بەراوردبکەین
لەتەک ئەو سەردەمەدا لێکچونێک هەیە بۆ دابەشکردنەوەی ناوچەکە و نفوزی هێزە گەورەکان
لەناوچەکەدا.
ئایا کورد وەک ڕابردوو دەبێتە قوربانی؟ کورد چی
بکات بۆ ئەوەی لە نەخشەی سیاسی ناوچەکە ئەمجارەش دەسبەتاڵ لێی دەرنەچێت؟ ئەوە دوو
پرسیارە جدییەکەیە، کە دەبێ کورد وەڵامی ئەرێنییان بداتەوە ئەوەی دەبێت حزبی کوردی
لە هەرچوار پارچەی کوردستان بیکات گوتارێکی دبلۆماسی هاوبەش دروستبکەن بە لەبەر چاوگرتنی تایبەت مەندی هەر پارچەیەک بۆ
ئەوەی لەتەک هێزە گەورەکاندا بەرژەوەندی هاوبەش دروستبکەین، هەتا لەتەک پاراستنی بەرژەوەندی
خۆیاندا بەرژەوەندی کورد بپارێزن. لە هەمانکاتدا دەبێت حزبی کوردی هەموو ئایدیایەکی
حزبی و ئایدۆلۆجییە لە جیهانبینی خۆیاندا کاڵکەنەوە و ڕوانینێکی کوردانە بۆ هەلومەرجەکە
پێکبێنن. بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە لەهەمان کاتدا دەبێت شەڕی خاوەنداریەتی
هەلومەرجەکە نەکەن، چونکە کە کوردستان هەبوو هەموومان خاوەنی دەبین. ئەگەر ئەم جارەش
کورد شکست بخوات، ئەوە خاوەنی خۆشمان نابین، لە هەلومەرجی پەلاماری داعش بۆ
کوردستان هەموو هێزە کوردییەکان بەشداربوون لە پاراستنی هەرێم، لەوکاتەدا بڕیارێکی
مێژووی وەرگیرا بۆ ناردنی هێز بۆ پاڵپشتی ڕۆژئاوا و نەکەوتنی کۆبانێ، ئەویش لەسەر
داوای بارزانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، کە هێزی پێشمەرگە بڕوات بۆ کۆبانێ ئەوە
وێستگەیەکی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی کورد بووە، ئێستا پیلانگێڕی دژی ڕۆژئاواو دژی هەرێمی
کوردستان بەڕێوە دەچێت، ناوچەکە لە چاوڕوانی نووسینەوەی مێژوویەکی نوێدایە دەبێت
حزبی کوردی پەند لە هەڵەکانی مێژوو وەربگرن بۆ ئەوەی لە مێژووی نوێدا شکست تۆمار نەکەین.