سەردێڕ:

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی فرۆشی کاش؛ نرخی دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینی

PM:02:01:16/09/2024

16196 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی نرخی دۆلار بۆ زیاتر لە ١٥٠ هەزار دینار بەرزبووەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ ئاشکراکردنی رێژەی فرۆشی بانکی ناوەندیدا نرخی دۆلار ٢٥٠ دینار دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە دواتر ١٠٠ دیناری دیکە چووەوە سەر نرخەکەی.


ئەمڕۆ دووشەممە، بانکی ناوەندی لە رێگای سەکۆی خستنەڕووی دراوە بیانییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئاستی فرۆشی دۆلار بەشێوەی کاش و حەواڵە ٢٥٢ ملیۆن و ١٦ هەزار و ٦٦٠ دۆلار بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو رێژەیە ١٨ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش خراوەتە روو کە بەرێژەی ٨٧٪ـی خواستی بازاڕی ناوخۆیی پڕکردووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، کە لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆدا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٥٠ هەزار دینار بوو، بەڵام دواتر ١٠٠ دیناری دیکەی چووەوە سەر و لە ئسێاتدا بەرامبەرە بە ١٥٠ هەزار و ١٠٠ دینار.

لەلایەکی دیکەشەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری ئابووریی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی دۆلار جێگەی مەترسی نییە و کاریگەری ناکاتە سەر بەهای دینار.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی فرۆشی کاش نرخی دۆلار دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، لەگەڵ رێکارەکانی بانکی ناوەندی نرخی دۆلار سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت بەڵام لە ئێستادا ئەو پرسە بەستراوەتەوە بە کات و خواستی بازرگانانەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی راپۆرتی رۆژانەی بانکی ناوەندی کە تیایدا ئاستی فرۆشی دۆلار بە هەردوو شێوەی حەواڵە و کاش ئاشکرا کرابوو، لەماوەی هەفتەی رابردوودا بەڕێژەی ٨٪ زیاتر لە پێویستی بازاڕەکانی ناوخۆ دۆلار بۆ هەر جۆرێکی فرۆشی بانکەکە بە بە بازرگانان و بانکەکان فرۆشراوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا ئاستی فرۆشی دۆلاری کاش زیاتر بەرزبوونەوە بەخۆیەوەی ببینێت.













گەلەری