سەردێڕ:

سودانی: رێگای گەشەپێدان عێراق دەباتە قۆناغێکی نوێوە

PM:05:38:14/09/2024

1524 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق نەگەیشتووەتە قۆناغی ئابووریی نانەوتی بۆیە هێشتا پشت بە نەوت دەبەستێت و ئەوەش وادەکات پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان گرنگییەکی تەواوی بۆ ئابووریی عێراق هەبێت. دەشڵێت، " ژێرخانی ئابووریی نانەوتیی عێراق گەشە بەخۆیەوە دەبینێت".


ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی کۆنفرانسی ئابووریی گەشەپێدانی عێراق رایگەیاند، هەوڵی تەواوەتی دەدەن بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی ئابووری و بۆ ئەومەبەستەش کارکردنیان لە رێگای گەشەپێدان خێراتر کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خەرجییەکانی پشت بە نەوت دەبەستێت، هەر ئەوەش وایکردووە عێراق وەک وڵاتێکی نەوتی دەربکەوێت، هەر بۆیە حکومەتی عێراق بیری لەوە کردەوە لە رێگای پڕۆژەیەکەوە ئابووریی نەوتی بگۆڕێت بۆ نانەوتی.

باسی لەوەش کرد، پڕۆژەی گەشەپێدانی ئابووری، نەک تەنها سەقامگیری سیاسی و ئابووری لە ناوچەکەدا دروست دەکات، بەڵکو چارەنووسی ئابووریی عێراقیش دەگۆڕێت و بە هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت. وتیشی،" دەمانەوێت رێگای گەشەپێدان قەرەبووی تەواوی ئەو زیانانە بکاتەوە کە ئابووریی عێراق بەخۆیەوە بینیویەتی".

سودانی ئەوەشی خستە روو، عێراق جگە لە بازاڕی نەوت، هەوڵدەدات بچێتە ئاستی وڵاتانی هەناردەکاری غاز و بۆ ئەومەبەستەش چەندین کۆمپانیا و کێڵگەی نوێی غازیان دۆزیوەتەوە کە یارمەتیدەر دەبێت لەوەی عێراق دووبارە لە وڵاتانی عەرەبیدا پێگەی ئابووری خۆی بپارێزێت و زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵی رابردوو داهاتی نانەوتیی عێراق ٥٪ـی بودجەی پێکدەهێنا وسودانی سووربوو لە بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی نانەوتی کە بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق لەمساڵدا داهاتە نانەوتییەکان ١١٪ـی بودجەی عێراق پێکدەهێنن.













گەلەری