سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مانگی ٨ و ٩ بۆ بەغدا

PM:08:15:12/09/2024

85764 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داوایان لە هەرێم کردووە لیستی مووچەی مانگەکانی ٨ و ٩ ـی مووچەخۆرانیان بۆ بنێرێت، بەڵام رەچاوى تێبینییەکانى بەغدا بکات و لیستەکە پاک بکاتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، داوایان کردووە هەرێم لیستی مووچەی مانگەکانی ٨ و ٩ ـی مووچەخۆرانیان بۆ بنێرێت، تاوەکو هەرچی زووە دەست بە ناردنی پارە بکەن بۆ هەرێم.

لەوبارەیەوە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی لیستی مووچەی مانگی ٨ و ٩ـی مووچەخۆرانی هەرێمە، بەتایبەت لیستی مووچەی مانگی هەشت بۆ ئەوەی ئەو گوژمە تەواوکارییەی کە بڕیاری لێدرا بۆ هەرێم بنێردرێت، لەگەڵ تەمویلی پارێزگاکانی خۆشیدا، بەغدا مووچەی مانگی نۆ بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرێم لیستی مووچەکەی بۆ بەغدا نەناردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، وا چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتوودا حکومەتی کاربەڕێکەر لیستی مووچەی مانگی ٨ و ٩ بنێرێت بۆ بەغدا، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو پشووی فەرمییە لە عێراق بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، ئەگەری هەیە ناردنی پارەکە بکەوێتە کۆتایی هەفتەی داهاتووەوە.

هاوکات، ئەو پارەیەی بڕیارە بنێردرێت بۆ مووچەی مانگی ٨ و ٩ـی مووچەخۆرانی هەرێم، زیاترە لە ترلیۆنێک و ٣٠٠ ملیار دینار، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەگەڵ مووچەی مانگی حەوتدا عێراق ٥٥٠ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی هەشت نارد، بۆیە ئەوەی ماوەتەوە بینێرێت ئەو ترلیۆن و ٣٠٠ ملیار دینارەیە کە بەشی مووچەی ئەو دوو مانگەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم دەکات، چونکە بۆ هەر مانگێکی مووچەی مووچەخۆران، حکومەتی کاربەڕێکەر پێویستی بە کەمتر لە یەک ترلیۆن دینارە.

لە کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتەکانی عێراق و ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمدا جەخت لەسەر چەند خاڵێک کرایەوە، ئەوانیش:

١- هەرێم لیستێکی دروست و پاککراوە و راستکراوە بۆ عێراق بنێرێت، کە تیایدا سەرجەم ئەو ناوانەی تێبینیان لەسەرە یەکلا بکاتەوە.

٢- ناوە دووبارەکان راست بکرێنەوە و ئەوانەشی مووچەیان لە هەرێم و لە عێراقیشدا هەیە پاکتاو بکرێن.

٣- عێراق داوای کردووە ئەوانەی ناویان لە لیستی مووچەدا هەیە و خۆیان لە هەرێم و عێراقدا نین یەکلا بکرێنەوە و بایۆمێتری تەواوی مووچەخۆرانی ناو لیستەکە لەبەردەستدا بێت.

بەوپێیەش، چارەنووسی وادەی دابەشکردنی مووچە لە دەستی حکومەتی کاربەڕێکەردایە، چی زووتر ئەو لیستەکە ئامادە بکات و بینێرێت، ئەوا عێراق زووتر دەست بە وردبینی و ناردنی پارە دەکات.

 


 













گەلەری