سەردێڕ:

ناوخۆی عێراق: ئەمساڵ رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بە رێژەی ٥٥٪ کەمبوونەتەوە

PM:03:07:12/09/2024

856 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، لە رابردوودا ساڵانە لە عێراق زیاتر لە ١٦ هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار دەکرا، بەڵام تاوەکو مانگی نۆی ئەمساڵ توانراوە رێژەی ٥٥٪ی رووداوەکان کەمبکرێنەوە.


میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەماوەی هەشت مانگی رابردوودا هەشت هەزار و ٨٥٠ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق تۆمارکراون، ئەوەش کەمترین ئاستە بەراورد بە ساڵی رابردوو.

ئاماژەی بەوەش کرد، کەمبوونەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ رێکارەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێتەوە، کە یەکێک لەوانە دابینکردنی ئۆتۆمبێلی نوێی ئاگرکوژێنەوە و کردنەوەی ١٠٠ ناوەندی دیکەی ئاگرکوژینەوەی گەورە و بچووک بوون لە پارێزگاکانی عێراق.

باسی لەوەش کرد، ساڵی رابردوو زیاتر لە ١٦ هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تا مانگی ئەیلوول تۆمارکرابوو، کە ئەوەش ببووە هۆی ئەوەی سیستمی ئاگرکوژێنەوە و چاودێری لە باڵەخانە و میوانخانەکاندا تۆکمەتر بکەن و رێکارەکانیان توندتر بکەنەوە.

ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا هەماهەنگی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کە لەسەر ٢٧ رووبەری جیاوازی زەوی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق ناوەندی راهێنان و دابینکردنی ئامێری ئاگرکوژینەوە بۆ سەرجەم میوانخانەکان و هاوڵاتیان دابینبکرێت. وتیشی، "ئەم ناوەندە لەسەر ئەرکی هاوپەیمانانە و هەماهەنگ دەبن لە دروستکردن و بەرەوپێشبردنی یەکەی بەرگری و فریاکەوتنی عێراق".

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی راپۆرتێکی میدیا عەرەبییەکان لەماوەی ساڵانی ٢٠٢٠ تا مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٤ لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێم زیاتر لە ١٢٥ هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراوە، بەڵام لەو رێژەیە تەنها ٢٨ هەزار حاڵەتی مەترسیدار بووە.













گەلەری