سەردێڕ:

دەستەی گومرگیی کرماشان: قەبارەی ئاڵوگۆڕمان لەگەڵ عێراق و هەرێم زیاتر لە دوو ملیار دۆلارە

AM:09:41:12/09/2024

892 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی گومرگیی کرماشان رایگەیاند، لەماوەی پێنج مانگی رابردوودا، ئاڵوگۆری بازرگانی و کەرەستەی خۆراکی لە نێوان عێراق و ئێران بە رێژەی ١٣٠٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و پێشبینیش دەکرێت بەرزتر بێتەوە. دەشڵێت، "تەنها ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخانەوە زیاتر لە ملیارێک و ٦١١ ملیۆن دۆلار بووە".


ئەمرۆ پێنجشەممە، عەلی ئەسغەر، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گومرگیی کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، ئاستی هەناردەکردنی کاڵا لە کرماشانەوە بۆ پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان کرماشان وعێراق بە رێژەی ١٣٪ گەشەی بەخۆیەوە بینیوە کە بووەتە هۆی ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان ١٣٠٪ گەشە بەخۆیەوە ببینێت.

باسی لەوەش کردووە، بە رێژەیەکی زۆر کەرەستەی خۆراکی هەناردەی عێراق کراوە و دواتر کەرەستەی پیشەسازی و ئامێری کارەبایی و کەلوپەلی ناوماڵ، پێشبینیش دەکەن ئەو رێژەیە بەرزبوونەوەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی راگەیەندراوێکی گومرگی کرماشان، لەماوەی رۆژی ٢١ـی ئازار تا رۆژی ١ـی ئەیلول تەنها لە مەرزی پەروێزخانەوە بە بەهای یەک ملیار و ٦١١ ملیۆن و ٧٤٤ هەزار دۆلار کاڵا هەناردە کراوەتە ناو هەرێمی کوردستان.

ئاڵوگۆڕی دەروازە سنوورییەکان لەو پێنج مانگەدا؛

مەرزی پەروێز خان؛ یەک ملیار و ٦١١ ملیۆن و ٧٤٤ هەزار دۆلار

مەرزی خوسرەوی؛ ٤٣٤ ملیۆن و ٦٩٧ هەزار دۆلار

مەرزی سومار؛ ٤٤٧ ملیۆن و ١٤١ هەزار دۆلار

مەرزی شوشمێ؛ ٢٠ ملیۆن و ٨٥ هەزار دۆلار













گەلەری