سەردێڕ:

سەرۆک کۆمارى ئێران لەگەڵ شاندێکی باڵاى ئێران گەیشتنە بەغدا

AM:09:37:11/09/2024

1744 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری نوێی ئێران لەگەڵ شاندێکی وەزارەتەکانی ئابووریی و دەرەوەی ئێران گەیشتە بەغدا و لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا.


مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی گەیشتە بەغدا و بڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ لە عێراق بمێنێتەوە و چەندین کۆبوونەوە ئەنجام بدات و دواتریش سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

سەردانەکەی پزیشکیان تایبەت دەبێت بە پرسی ئابووری و ئاسایش لە نێوان ئێران و عێراق، هاوکات هەریەک لە پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران و هەردوو وەزیری دەرەوە و ئابووری ئێرانی لەگەڵدا دەبێت.

میدیاکانی ئێرانییەکانیش بڵاویان کردەوە، سەردانەکەی پزیشکیان تەواوکەری ئەو گرێبەستانە دەبێت کە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی کردبوو، جگە لەو تەوەرانەش هیچ گریبەستیکی دیکەی نوێ واژۆ ناکرێت.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە تەمموزی ئەمساڵدا، مەسعود پزیشكیان لە هەڵبژاردنی خولی ١٤یەمینی سەرۆکایەتی ئێراندا توانی بە بەدەستهێنانی زیاتر لە ٥١٪ی دەنگەکان، توانی ببێتە نۆیەم سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە.













گەلەری