سەردێڕ:

نرخی نەوت لە نزمترین ئاستی سێ ساڵی رابردووە؛ کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق دەبێت؟

PM:09:02:10/09/2024

3640 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی هەریەک لە وڵاتانی ئەمریکا، رووسیا و چین، نرخی نەوت دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستاشدا یەک بەرمیل نەوت بە ٦٩ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەوەش نزمترین ئاستی سێ ساڵی رابردووی ئەو زێڕە رەشەیە. راوێژکارێکی سودانیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "دابەزینەکە کاریگەری لەسەر عێراق نابێت و دەتواندرێت ئەو داهاتەی کە سەرڕێژە، بەکار بهێندرێتەوە".


بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی هەریەک لە وڵاتانی ئابووری نانەوتی رووسیا، چین و ئەمریکا بۆ کڕینی نەوت و درێژکردنەوەی پابەندبوونی وڵاتانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس بۆ سەقامگیرکردنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان، نرخی نەوتی دابەزینێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.

ئەم دابەزینەی نرخی نەوت بۆ بەشێک لە وڵاتانی جیهان رەنگە ببێتە سەرچاوەی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری، بۆ بەشێکی دیکەش سەرچاوەی گەشەپێدانی ئابووری بووە، یەکێک لەو وڵاتانەش عێراقە کە بەهۆی ئەو دابەزینەوە، هەنگاوەکانی بۆ پشتبەستن بە داهاتی نانەوتی بە رێژەی ٢٠٠٪ خێراتر کردووە.

هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت؛

دابەزینی نرخی نەوت لە ئێستادا زیاتر لە چەند هۆکارێکی هەیە، کە دیارترینیان کەمبوونەوەی پشتبەستنی ئەمریکا بوو بەرامبەر بە نەوت، کە لە راپۆرتی رێژەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا رەنگی داوەتەوە، لە پاڵ ئەو هۆکارەشدا، ئابووری جیهان لە چاوەڕوانی بڕیارەکانی بانکی فیدراڵی ئەمریکا دا ماونەتەوە، چونکە ١٨ـی ئەیلول دەبێتە دەستپێکی قۆناغی نانەوتی لە جیهاندا و بۆ ئەو مەبەستەس سەرجەم بازرگانانی گرێبەستە نەوتییەکان سەرقاڵی کەمکردنەوەی کۆگاکردنی نەوتن.

نرخی نەوت بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت؟

بە بڕوای شارەزایانی ئابووریی نەوت، بەهۆی فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش ئیسرائیل و حەماس کە لە غەززەوە باڵی کێشاوە بۆ لوبنان، جگە لەوەش گرژی وئاڵۆزییەکانی روسیا و ئۆکرانیا بەردەوامی هەیە، بۆیە دووبارە نرخی نەوت دەگەڕینێتەوە بۆ ٧٥ بۆ ٨٠ دۆلار، بەڵام نازاندرێت کە ئایا لە مانگی ئەیلولدا دەبێت یاخود مانگەکانی داهاتووتر.

عێراق لە نێوان بەرزی و نرزمی نرخی نەوتدا؛

دوای ئەوەی لە بودجەی سێ ساڵەدا نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ٧٠ دۆلار دیاری کرا و لەسەر ئەو رێژەیە خەرجی و داهات دیاری کرا، لە ئێستادا دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار ٧٠ دۆلار بەریژەی ٠.١٪ کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتی رۆژانەی نەوتی عێراق دروست کردووە.

لەو بارەیەشەوە مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی راگەیاند، دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئەمساڵ کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری عێراق دروست ناکات چونکە رەچاوی خەرجی و داهات کراوە، دەتواندرێت ئەو داهاتەی کە سەرڕێژە، بەکار بهێندرێتەوە بۆ راگرتنی باڵانسی ئابووری عێراق.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر هاتوو ئەم دابەزینە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوامی هەبوو، ئەوە دەبێت دووبارە دەستکاری ئاستی خەرجییەکانی عێراق بکرێت.

"دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری لەسەر مووچە ناکات"

راوێژکارەکەی سودانی ئەوەی روون کردەوە، مووچە لە خەرجییە گۆڕاوەکان و دابەزینی نرخی نەوت بەدەرە، بۆیە هیچ گرفتێک لەبەردەم مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دروست نابێت و مووچەکانیان پارێزراوە.













گەلەری