سەردێڕ:

داهاتی عێراق لە حەوت مانگدا زیاتر لە ٧٧ ترلیۆن دینار بووە

PM:01:52:10/09/2024

984 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق زیاتر لە ٧٧ ترلیۆن دینار بووە و ٨٩٪ـی داهاتی نەوتی بووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەگوێرەی داتاکان کۆی داهاتی حەوت مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤، ٧٧ ترلیۆن و ٤٧٥ ملیار و ٥٠٢ ملیۆن و ٢٣٩ هەزار و ٥٤٦ دینار بووە.

باسی لەوەش کردووە، لەو رێژەیە ٨٩٪ـی داهاتی نەوت بووە و بە تێکڕا ٦٩ ترلیۆن و ٥٥ ملیار و ٨٢٧ ملیۆن و ٩٨٤ هەزار دینار بووە، لەکاتێکدا داهاتی نانەوتی هەشت ترلیۆن و ٣١٧ ملیار و ٨٨٣ ملیۆن و ٥١٢ هەزار دینار بووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بودجەى ئەمساڵى عێراق بە زیاتر لە ٢١١ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و تێیدا پشکى هەرێم بە زیاتر لە ٢٠ ترلیۆن دینار دیاری کراوە، هاوکات داهاتەکانیش بە زیاتر لە ١٤٧ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە کە ٨٢٪ـی داهاتى نەوتییە، بەوەش بودجەکە ٦٤ ترلیۆن دینار کورتهێنانى دەبێت، حکومەتى عێراق چاوى لەوەیە بە زیادەی نرخى نەوت کورتهێنانەکە پڕبکاتەوە بەو پێیەى نرخى نەوت بە ٧٠ دۆلار لە بودجەکەدا خەمڵێنراوە.

.













گەلەری