سەردێڕ:

عێراق هەنگاوەکان بۆ زیادکردنی کارەبای نیشتیمانی خێراتر دەکات و سیستمی وزەی خۆر بەکاردێنێت

AM:08:53:09/09/2024

3396 جار خوێندراوەتەوە

عێراق لە هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان خێراتر کردووە و لەو چوارچێوەیەشدا پڕۆژەی وزەی نوێبوونەوەی کارەبای بۆ ماڵان راگەیاند، کە دیارترینیان پڕۆژەی وزەی خۆرە، ئەوەش دەتوانێت ببێتە هەوڵێکی هیوابەخش بۆ چارەسەری قەیرانی کارەبا و پاراستنی ژینگە لە پیسبوون و دەردانی گازە کاربۆنیەکان.


محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پلانێکی پەسەندکردووە بۆ دانانی سیستمی وزەی خۆر بۆ ماڵان، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی و چارەسەری قەیرانی بەردەوامی کارەبایە.

پلانەکە بریتییە لە رێککەوتن و ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بەناوبانگەکان، کە بودجەی پێویستی بۆ تەرخاندەکرێت لەلایەن وەزارەتی کارەباوە، بۆئەوەی چی زووە بتواننن لەمساڵدا گرفتی کارەبا چارەسەر بکەن و لە هاوینی داهاتوودا هاوڵاتیان کارەبایان لەرێگای سیستمی وزەی خۆرەوە بۆ دابین بکرێت.

لە پاڵ ئەو هەنگاوانەش، هەوڵەکان بۆ بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە کوەیت و ئوردن و تورکیاوە بەردەوامە و وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاندووە، لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق دەستدەکرێت بە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وزەی زۆر بۆ بەرهەمهێنانی هەزار و ٧٥٠ مێگاوات لە وزەی کارەبا.

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی کارەبای عێراق ڕەزامەندی نیشانداوە لە ڕێگەی کۆمپانیای (تۆتاڵ ئینێرجی) فەڕەنسیەوە یەکەم وێستگە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بە بەکارهێنانی وزەی خۆر لە پارێزگای بەسڕە، بە توانای هەزار مێگاوات بونیاد بنرێت.

بە وتەی وەزارەتەکە، پڕۆژەکە بە چوار قۆناغ و لە ماوەی چوار ساڵدا ئەنجام دەدرێت، کە لە هەر قۆناغێکدا ٢٥٠ مێگاوات دەخاتە تۆڕی کارەبای نیشتیمانییەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە عێراق لە ململانێدایە لەگەڵ قەیرانی کارەبا و پێویستی بە نزیکەی ٤٨ هەزار مێگاوات هەیە تاوەکو رۆژانە بتوانێت ٢٤ کاتژمێر کارەبا بدات بە هاوڵاتیان، بەڵام لە ئێستادا تەنیا نزیکەی ٢٧ هەزار مێگاوات لە وزەی کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، ئەوەش وایکردووە تۆڕەکانی کارەبا پێویستیان بە پڕۆسەیەکی پێشخستنی سەرتاسەریی هەبێت.

لە پاڵ ئەوەشدا خەرجییەکانی حکومەتی بەغدا لەسەر هاوردەکردنی غازی سروشتی و کارەبا زیاتر بوون، بەشێوەیەک ساڵانە پێویستی بە نزیکەی ٤ ملیار دۆلارە.

بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراقدا بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە غازی سروشتی و نەوتی خاو و سوتەمەنی مازۆت و دیزڵ دەبەستێت، کە پیسکەری ژینگەن، هەرچی وزەی پاکی کارۆئاویشە کە لە بەنداوەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، رێژەیەکی کەم لە وزەی کارەبا دابین دەکەن.













گەلەری