رۆژی چوارشەممە، لەسەر بانگێشتنامەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆک کۆماری نوێی ئێران سەردانی عێراق دەکات.
ئاژانسی ئێرنای ئێرانی ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی ١١ی مانگ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران یەکەم سەردان بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات و بە سەردانێک دەگاتە عێراق.
ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە، لە سەردانەکەدا پزیشکیان چەند
کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی عێراق ئەنجام دەدات و پرسی ئەمنی و پەیوەندییەکانی نێوان
هەردوو وڵات تەوەری کۆبوونەوەکان دەبن.
ئەوەشی خستووەتەروو، پزیشکیان بە یاوەری وەفدێکی باڵای وڵاتەکەی
دێتە عێراق و چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن کە پێشتر لەلایەن ئیبراهیم رەئیسی،
سەرۆک کۆماری پێشوو لەگەڵ عێراق گفتوگۆیان لەسەر کرابوو.
لە مانگی ٧ی ئەمساڵدا، مەسعود پزیشكیان لە هەڵبژاردنی
خولی ١٤ـیەمینی سەرۆکایەتی ئێراندا توانی بە بەدەستهێنانی ٥١.١٪ـی دەنگەکان ببێتە
سەرۆک کۆماری نۆیەمی ئێران.