سەردێڕ:

رۆیتەرز: ئەمریکا و عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان

PM:08:57:06/09/2024

1312 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند، ئەمریکا و عێراق لەسەر پلانەکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن، بڕیارە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٦ تەواوی هێزەکە لە عێراق بکشێنەوە.


ئەمڕۆ هەینی، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، پاش زیاتر لە شەش مانگ لە گفتوگۆکانی نێوانیان سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق؛ ئەمریکا و عێراق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەسەر پلانی کشانەوەی هێزەکان.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، پلانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق پێویستی بە رێگەپێدانی کۆتایی ئەمریکا و عێراق و راگەیەندنی وادەکەی بە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا هەیە.

باسیان لەوەش کردووە، پلانەکە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، بە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەم و تا مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٥ سەدان سەربازی هێزەکە عێراق بەجێدەهێڵن، لە قۆناغی دووەم و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ ئەوانەی دیکە کە ماون دەکشێنەوە و عێراق جێدەهێڵن.

هەر لەوبارەیەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسەکە رایگەیاندووە، "ئێمە رێککەوتنێکمان هەیە، ئێستا تەنها پرسیارەکە ئەوەیە کەی رای بگەیەنین".

ئەوەش هاتووە، ئەمریکا و عێراق لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی راوێژکاریی نوێی هاوبەش کە رەنگە بەهۆیەوە بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە لەدوای جێبەجێکردنی پلانی کشانەوەیان لە وڵاتەکەدا.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ئەمساڵ، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنی ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا، راگەیاندنی وادەی کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراقدا دوا دەکەوێت. وتیشی، لەدوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە ناوچەکەدا، پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بواری ئەمنی و ئاسایشدا بەردەوام دەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ئەمریکا و عێراق پەیوەندییەکی هاوبەشی قوڵ و بەرهەمدارییان هەبووە لە پاراستنی دۆخی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە بەهۆی بوونی گروپە چەکدارەکانی داعش لەو ناوچەیەدا.


 













گەلەری