سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیران: سەرژمێریی گشتی لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت

PM:10:39:03/09/2024

1632 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەسەڵاتی گشتیی گومرگی راسپێردراوە کە رێگە بە هاوردەکردنی سەرجەم ئەو ئامێرانە بدەن کە لە سەرژمێریی گشتیی ئەمساڵدا بەکاردەهێنرێن. دەشڵێت، "سەرژمێریی گشتی لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت".


ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چەند پرسێک درا کە یەکێک لەوانە پرسی سەرژمێریی گشتیی بوو، کە بڕیارە لە ٢٠ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.

لە راگەیەنراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئاماژە بەوەش کراوە، فەرمان بە دەسەڵاتی گشتیی گومرگی کراوە کە سەرجەم ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی پێویستن بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی، رێگە بە هاوردەکردنیان بدرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە لە ٢٠ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

پێشتریش عەبدولزەهرا هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەزارەتەکەیان ئامادەیە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کە دەکاتە ٢٠ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق ئەنجام بدات، بەهۆی ئەوەی سەرژمێرییەکە کەرکوک و سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، سەرژمێرییەکی گشتگیر دەبێت و ژمارەی تەواوی دانیشتوانی عێراق دەخاتە روو.

رۆژی یەکی ئەم مانگەش، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای دانیشتوان ئەنجامدراوە و تێیدا بڕیاریان داوە بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری.

دوایین سەرژمێرى کە لە عێراق ئەنجام درابێت لە ساڵی ١٩٩٧ـدا بوو، تا ئێستاش هیچ سەرژمێرییەکی گشتیی دیکە ئەنجام نەدراوە و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا سەرژمێری بکرێت.














گەلەری