سەردێڕ:

بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئۆپیکەوە؛ نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

PM:10:49:30/08/2024

1752 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتی کردەوە، کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بڕیارێکی هاوبەشی ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەسە بۆ سەقامگیرکردنی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، ئەوانیش پابەندن پێوەی.


ئەمڕۆ هەینی، عاسم جیهاد وەزیری نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، سەردانەکەی هەیسەم غەیس ئەمینداری گشتی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکارانی نەوت بۆ عێراق و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بەرهەمدار بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێککەوتنی هاوبەشیی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس دەبێت کە ٢٣ وڵات تێیدا ئەندامن بە عێراقیشەوە، ئامانج لێی سەقامگیرکردنی نرخەکان و رێگریکردنە لە بەرزبوونەوەی لە بازاڕەکاندا بەجۆرێک لە بەرژەوەندی هەناردەکاران و بەکاربەراندا بێت.

وەزیری نەوتی عێراق دووپاتیشی کردەوە، عێراق پابەندە بە بڕیارەکانی رێکخراوەکە سەبارەت بە بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ٢٨ـی ئاب، هەیسەم غەیس ئەمینداری گشتیی رێکخراوی ئۆپیک گەیشتە بەغدا و تایبەت بە پرسی بەبازاڕکردنی نەوت و دوایین پێشهاتەکانی ئەو بازاڕە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە.













گەلەری