سەردێڕ:

ئێران: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رۆژئاوادا ئاسایی بکەینەوە

PM:04:35:22/08/2024

1340 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، حکومەتی نوێی وڵاتەکە کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان لەگەڵ ئەمریکا و رێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەوروپادا.


ئەمرۆ پێنجشەممە، عەباس عراقجی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، حکومەتی نوێی ئێران بە چەند مەرجێک کار بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان لەگەڵ ئەمریکا و رێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەوروپادا دەکات.

ئەوەشی خستە روو، یەکێک لە مەرجەکانیان ئەوەیە وڵاتانی رۆژئاوا واز لە دژایەتی ئێرابن بهێنن و هەوڵ بدرێت بۆ دووبارە زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ و هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران.

باسی لەوەش کردووە، لەگەڵ ژاپۆن بە هەماهەنگی کار بۆ چارەسەری قەیرانە هەرێمییەکان دەکەن و رەنگە ژاپۆن بگەڕێتەوە بۆ کێڵگە نەوتییەکانی ئێران و دووبارە کار بۆ پەرەدان بەو کێڵگانە بکات.

دوێنێ، پەرلەمانى ئێران لە کۆبوونەوەیەکى تایبەتدا، متمانەى دا بە سەرجەم وەزیرەکانى کابینەکەى مەسعود پزیشکیان کە لە ١٩ وەزیر پێکهاتووە.

ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە ماوەى دوو دەیەى رابردوودا سەرجەم ئەندامانى کابینەى حکومەت پێکەوە لە پەرلەمان متمانەیان پێبدرێت و کاندیدى هیچ یەکێک لە وەزارەتەکان رەت نەکرێتەوە.

یەکێک لەو وەزیرانەى کە لە پەرلەمان متمانەى پێدرا، عەباس عێراقچى تەمەن ٦١ ساڵ بوو بۆ پۆستى وەزیرى دەرەوە.

عراقچى یەکێک بووە لە ئەندامانى تیمى دانوستانکارى ئێران لە رێکەوتنى ئەتۆمى نێوان ئێران و وڵاتانى پێنج کۆ یەک لە ساڵى ٢٠١٥ کە بەهۆیەوە بەشێکى زۆر لە سزاکان لەسەر تاران هەڵگیران لە بەرامبەر دانانى کۆمەڵیک کۆت و بەند لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران کە دواتر و ساڵى ٢٠١٨ بەهۆى کشانەوەى دۆناڵد ترەمپ، رێکەوتنەکە هەڵوەشایەوە.

لە کاتى بانگەشەى هەڵبژاردنی سەرۆکایەتى ئێرانیشدا مەسعود پزیشکیان بەڵێنیدا رێکەوتنە ئەتۆمییەکە زیندوو بکاتەوە.













گەلەری