سەردێڕ:

ئێران کۆتا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی لە گیان لەدەستدانی رەئیسی ئاشکرا کرد

PM:09:45:21/08/2024

3952 جار خوێندراوەتەوە

دوای سێ مانگ ئەمڕۆ حکومەتی ئێران کۆتایی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی هێنا و رایگەیاند، هێلیکۆپتەرەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینەکان کە دوو کەس زیاتر لەو ژمارەیەی بۆی دانرابوو هەڵگرتبوو، هەروەها بەهۆی نالەباری دۆخی کەشوهەوا خۆی بە شاخێکدا کێشاوە و کەوتووەتە خوارەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، حکومەتی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە دۆسیەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسیدا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نزیکەی ٣٠ هەزار کەسدا کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەموو لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن کە هیچ هۆکارێکی مرۆیی یاخود پیلانێک لەپشت کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەدا نەبووە.

ئەوەش خراوەتە روو، هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار، یەکەمیان هێلیکۆپتەرەکە دوو کەسی زیاتر هەڵگرتبوو لەو ژمارەیەی رێگەی پێدراوە.

باس لەوەش کراوە، هۆکاری دووەم دەگەڕێتەوە بۆ نالەباری دۆخی کەشوهەوا و بەهۆی ئەو دوو هۆکارەوە هێلیکۆپتەرەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بەشاخێکدا.

رۆژی ١٩ـی ئایاری ئەمساڵ، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی پیشووی ئێران لەکاتی گەرانەوەی لە گەشتێک هەلیکۆپتەرەکەی کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.













گەلەری