وەزیری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، کردنەوەی بازاڕە ناوەندییەکان هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی کاڵا و شتومەک و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکانیان لە بازاڕەکانی ناوخۆدا.
ئەمڕۆ شەممە، ئەسیر داود غورەیری وەزیری بازرگانیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، کردنەوەی بازاڕە ناوەندییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق لە قۆناغی کۆتاییدان و وادەی کردنەوەیان نزیکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتەکە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ژێرخانی بازرگانی و
سوودمەندبوونی هاوڵاتیان و رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شتومەک لە
بازاڕەکانی ناوخۆدا، ئەم هەنگاوەی گرتووەتە بەر.
باسی لەوەش کرد، کردنەوەی ئەو
بازاڕانە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان بە گشتی و چەند توێژێکی کۆمەڵگایە بەتایبەتی
لەوانەش، ئەو کەسانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان، جگە لەوەی
رۆڵێکی کاریگەری لە رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان هەیە.
پێشتریش وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، کارەکان بۆ کردنەوەی ئەو بازاڕە
ناوەندییانە بەردەوامە، کە تێیدا نرخی تەواوی پێداویستییەکانی هاوڵاتییان بەڕێژەی
٢٠٪ کەمترە لە نرخی بازاڕ.