تائێستا مشتومڕى عێراق و کوەیت لەسەر سنوور و نەوت کۆتایی نەهاتووە، کوەیت کێڵگەیەکى گەورەى نەوتى دۆزیوەتەوە و عێراق دەڵێت پشکى ئێمەى تێدایە و کوەیتیش رەتیکردووەتەوە، بەهۆیەوە پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات ئاڵۆز بووە.
جارێکی تر سنوورە ئاوییە هاوبەشەکان ئاڵۆزیی خستووەتەوە نێوان عێراق و کوەیت و بەرپرسانی بەغدا دەڵێن، بەو پێیەی هێشتا سنووری جیاکەرەوە نەخشەی نەکێشراوە، دەبێت هەر کێڵگەیەکی نەوت و غاز کە لەناوچەکە دەدۆزرێنەوە بە هاوبەشی وەبەرهێنانی تیادا بکرێت.
کێڵگەی نوخزە
کە مانگی تەمموزی رابردوو لەلایەن کوەیتەوە دۆزرایەوە، سامانێکی یەدەگی گەورەی لە
نەوت لەژێر خاکەکەیدا لەخۆگرتووە کە بە سێ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن بەرمیل مەزەندە کراوە، لەگەڵ قەبارەیەکی
گەورە لە غازی سروشتی کە دەگاتە نزیکەی پێنج ترلیۆن مەتر سێجا.
لەو بارەیەوە
سەرۆکی دامەزراوەیەکی نەوت لە کوەیت دەڵێت، قەبارەی نەوتە یەدەگەکەی کێڵگەی (نوخزە)
هێندەی تێکڕای بەرهەمی نەوتە لە وڵاتەکەی لە ماوەی سێ ساڵدا.
لەو چوارچێوەیەدا
عێراق داوا دەکات بەشداری لە وەبەرهێنان تیایدا بکات، چونکە دەکەوێتە ناو سنووری رووبەرە
ئاوییە هاوبەشەکان لە نێوان هەردوو وڵات، بەڵام کوەیت تا ئێستا رەتی دەکاتەوە.
هەرچۆنێک بێت
ئەوەی دەردەکەوێت و لێدوانی بەرپرسانی کوەیت جەختی لەسەر دەکەنەوە، کێڵگەکە دەکەوێتە
خاکی خۆیان و خێروبێرەکەی تەنیا دەبێت بۆ
خۆیان بێت.
ئێستاش چەند
لایەنێکی عێراقی داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان کردووە دژ بە راگەیاندنەکەی
لایەنی کوەیت بوەستنەوە و لە دادگا نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان تانەی لێبگرن،
چونکە ئەو کارە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە.
لەلایەکی تریشەوە
کێڵگەیەکی تری نەوت کە ئەویش (دوڕە) یە و لەلایەن کوەیت وەبەرهێنانی تیایدا دەکرێت،
هەریەک لە عێراق و ئێران جەخت دەکەنەوە دەکەوێتە ئاوە هەرێمایەتیە هاوبەشەکانەوە
داوای پشک دەکەن، ئەو رێککەوتنەش کە کوەیت ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ سعودیە واژۆی کرد بۆ پێشخستنی
کێڵگە نەوتییەکە بە نایاسایی ناوی دەبەن.
ئەوە لە کاتێکدایە
رەگ و ریشەی ناکۆکی سنووری ئاویی نێوان کوەیت و عێراق کە ئێستا زیاتر پەرەی سەندووە،
بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە ئاوی هەرێمایەتیەوە
و هێشتا سنووری ئاویی نێوان عێراق و کوەیت لەسەر نەخشە جیانەکراوەتەوە.
کاتێکیش لە
ساڵی ١٩٩٣ و دوای کۆتاییهاتنی جەنگی کوەیت کە بەشکستی گەورەی عێراق کۆتاییهات، سنوورەکانی
نێوان هەردوو وڵات نەخشەی کێشرایەوە کە یەکێک لە گرنگترین بەربەستەکان سنوورە ئاوییەکان
و کێڵگە نەوتییە هاوبەشەکان بوو.