PM:11:49:09/08/2024
1712 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەست بە پێدانی ژمارە بە خانوو و باڵەخانەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی، عەبدولزەهرا هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتوان کە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت، دەست دەکەن بەپێدانی ژمارە بە خانوو و باڵەخانە و دامەزراوەکان لەسەرتاسەری عێراقدا.
ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەی ژمارەدانەکە لە
٣١ـی ئابەوە دەست پێدەکات و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.
پێشتر، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەنجامی بەرایی
سەرژمێریی گشتیی دانیشتوانی عێراق کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام
بدرێت، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر رادەگەیەنرێت و ئەنجامی کۆتاییش کە تەواوی
وردەکارییەکان لەخۆدەگرێت، نزیکەی سێ مانگ دەخایەنێت.