سەردێڕ:

بۆ دابەشکردنی هاوکاری بەسەر ئاوارەکان؛ تیمەکانی کۆچ و کۆچبەران رەوانەی شنگال کران

PM:04:21:09/08/2024

1148 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاوی کردەوە، تیمەکانی وەزارەتیان لە سەرجەم پارێزگاکان کۆکردووەتەوە و ناردویانەتە شنگال بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو ئاوارە ئێزدیانەی گەڕاونەتەوە و دابەشکردنی هاوکاری مرۆیی و دارایی بەسەریاندا.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڵاوی کردەوە، داوا لە خێزانە ئێزدیەکان دەکەن بچنە دیوانی وەزارەت لە شنگال بۆ تۆمارکردنی گەڕانەوەیان و سودمەند بوونیان لە هاوکاری مرۆیی و دارایی.

ئاماژە بەوەش کراوە، بڕیاریانداوە سەرجەم تیمەکانی وەزارەت لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراق رەوانەی شنگال بکرێن بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو خێزانە ئێزدیانەی لە ماوەی رابردوودا گەڕاونەتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، کارمەندانی وەزارەت ژمارەیان زیادکراوە بۆ پێشوازیکردن لە ئێزدییە گەڕاوەکان و دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانیان.

ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی ١١ـی مانگی رابردوو، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، سەرجەم ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی سنووری سلێمانی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و دواهەمین کەمپ لە ناوچەی عەربەت لە سنووری سلێمانی داخراوە و هیچ کەمپێک لەسنووری سلێمانی بوونی نەماوە، بەڵام هێشتا چەند کەمپێکی سنووری دهۆک و هەولێر ئاوارەیان تێدا نیشتەجێیە و کار بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەش دەکرێت.













گەلەری