پەرلەمانی عێراق دانیشتنی یەکەمی لەسەر هەمواری یاسای لێخۆشبونی گشتی و هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ئەنجامدا.
پەرلەمانی عیراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دانیشتنی یەکەم لەسەر هەمواری یاسای لێخۆشبونی گشتی تەواوکراوە و هەموارەکە بڕگەی سێی ماددەی چوار دەگرێتەوە و ئەوەى بۆ زیادکراوە، کە پێناسەی تاوانی پەیوەندیکردنە بە ڕێکخراوە تیرۆرستییەکانەوە.
باسی لەوەشکردوە، هەر لەو دانیشتنەدا
باس لە هەمواری یاسای باری کەسی لە عێراق کراوە، یاساکە بە ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٨
دەرچووە و لە ئێستادا هەمواری بڕگەی دووی یاساکە دەکرێتەوە و بڕگەی سێشی بۆ زیاد دەکرێت،
هەموارەکە هاوڵاتیان ئازاد دەکات لە هەڵبژاردنی مەزهەبى ئاینیی و ئەوەی جێبەجێی دەکەن
و گەرەنتی ئازادی تاک دەکات لە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیریدا.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، پەرلەمان بەزۆرینەی
دەنگ بڕیاریدا هەمواری یاسای باری کەسی بخاتە ناو کارنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ
دانیشتنەکانی داهاتوو.
ئەوە لەکاتێکدایە، پرۆژە یاسای هەمواری
یاسای باری کەسیی نارەزایی چالاکانى مافى مرۆڤ و ژنانى لێکەوتووەتەوە.