بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی ناوەند لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان هەوڵ دەدات رێگری بکات لەو غازەی بەفیڕۆ دەچێت و بەکاری بهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. دەشڵێت، لە ئێستادا کار دەکەن لەسەر بەرهەمهێنانی ٤٠ بۆ ٥٠ مێگاوات کارەبا لەڕێگەی غازەوە بۆ ناوچەیەکی بەغدا.
ئەمڕۆ هەینی، محەمەد یاسین بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی ناوەند لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بەپێی پلانی حکومەت وەزارەت کار دەکات لەسەر راگرتنی بەفیڕۆچوونی غازی پەیوەست بە نەوت لە سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی عێراق.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەڕێگەی راگرتنی بەفیڕۆچوونی ئەو غازەوە هەوڵدەدەن
بۆ بەرهەمهێنانی غازی زیاتر بۆ وێستگەکانی کارەبا.
باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا کار دەکەن بۆ راکێشانی غاز بۆ بەرهەمهێنانی
٤٠ بۆ ٥٠ مێگاوات کارەبا بۆ ناوچەی تاجی لە بەغدا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی شەشی ئەمساڵدا، محەمەد شیاع سودانی
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند،عێراق لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ـەوە بەردەوام هەوڵیداوە بۆ کەمکردنەوەی
ئاستی سووتانی غاز و بەفیڕۆچوونی غاز، گرێبەستەکانی پەیوەست بە وەبەرهێنان لە
کەرتی نەوت و غازدا فراوانتر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەماوەی رابردوودا ٢١ گرێبەستی
نەوتی و غازیان واژۆ کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، "تا ساڵی ٢٠٢٨ بەتەواوی کۆتایی دەهێنین بە بەفیڕۆچوون و سووتانی غازی
شل".