سەردێڕ:

بۆ کۆتاییهێنان بە قوتابخانەی دوو دەوامی؛ عێراق پێویستی بە ١٢ هەزار قوتابخانەی دیکە هەیە

PM:10:49:02/08/2024

940 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەپێی ئامارەکانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و پلاندانان، عێراق پێویستی بە ١٢ هەزار قوتابخانەی دیکە هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قوتابخانەی دوو دەوامی.


ئەمڕۆ هەینی، حەیدەر مەجید وتەبێژی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، هەنگاوەکان و پڕۆژەکانی حکومەتی عێراق بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە قوتابخانەی دوو دەوامی لەڕێگەی دروستکردنی ١٢ هەزار قوتابخانەی نوێ.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە یەکێک لە پڕۆژەکاندا کە دروستکردنی هەزار قوتابخانەی نوێ لەخۆدەگرێت، ٣٣٠ ـی قوتابخانەی تەواو کراون کە ژمارەی پۆلەکان لەنێوان ١٢ بۆ ٢٤ پۆلن.

باسی لەوەش کرد، قۆناغی دووەمی هەمان پڕۆژە کە دروستکردنی ٦٧٠ قوتابخانەی دیکەیە تا مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو تەواو دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ٢٢ـی مانگی رابردوو وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ٣٥ قوتابخانەی نوێ تەواو کراون و لە ماوەیەکی نزیکدا دەچنە خزمەتەوە. وتیشی، تا کۆتایی ئەمساڵ ژمارەی ئەو قوتابخانانەی دەخرێنە خزمەتەوە دەگاتە هەزار قوتابخانە کە بەشێکیان نوێن و بەشێکی دیکەیان نۆژەن دەکرێنەوە.


 













گەلەری