سەردێڕ:

چەند تۆمەتبارێکی دیکەی دزیی سەدە دەستگیرکران

PM:02:49:01/08/2024

9456 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی دزیی سەدەوە بەردەوامە و چەند تۆمەتبارێکی دیکەیان دەستگیرکردووە.


حەیدەر حەنون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، قاسم محەمەد و عەلی عەبدولمەهدی کە هەردووکیان بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای "حوت الاحدب" بوون دەستگیرکراون.

 

باسی لەوەش کرد، قاسم محەمەد لە ماوەی رابردوودا چووەتە تورکیا و دواتر گەڕاوەتەوە و دەستگیرکراوە، تۆمەتبارە بە دزینی ٩٨٨ ملیار دینار و عەلی عەبدولمەهدیش تۆمەتبارە بە دزینی زیاتر لە دوو ترلیۆن دینار.

ئەوەشی خستە روو، تۆمەتبارێکی دیکەشیان بە ناوی محەمەد فەلاح دەستگیرکردووە کە بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای "القانت" بووە و تۆمەتبارە بە دزینی زیاتر یەک ترلیۆن دیناری عێراقی.

ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبارێکی دیکە کە تۆمەتبارە بە دزینی چەکی باج لە وڵاتی ئیمارات دەستگیرکراوە و بەم زوانە دەیگەڕێننەوە بۆ عێراق.

هەروەها، راشیگەیاند، تۆمەتبارێکی دیکە بەناوی عەلا خەلەف هەڵهاتووە بۆ تورکیا یان لوبنان تۆمەتبارە بە دزینی ٨٩٠ملیار دینار و لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی پێشوو پۆستی باڵای هەبووە. دەشڵێت، "لە هەوڵداین بۆ دەستگیرکردنی".

ئەوەشی خستە روو، دوو تۆمەتباری دیکە کە یەکێک لە باوانیان عێراقییە لە وڵاتی کوەیت ددەستبەسەرن و تۆمەتبارن بە دزینی ١٢٤ ملیۆن دۆلار و پارەکە دەگەڕێننەوە بۆ عێراق.

باسی لەوەش کرد، ئەو بڕە پارەیەی وەک چەکی باج براوەتە دەرەوەی عێراق زیاترە لەوەی ئاشکرا کراوە و یەک ملیۆن و ١٥٥ هەزار دۆلاریان لە ژێر زەویدا لە بابل دۆزیوەتەوە.


 













گەلەری