سەردێڕ:

ئەمریکا هاوڵاتیانی لەبارەی گەشتکردن بۆ لوبنان ئاگاداردەکاتەوە

PM:10:20:31/07/2024

708 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریکی دەکەن بەهۆی جڕبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا سەردانی لوبنان نەکەن.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، ئەگەر کارێکی زۆر پێویستیان نەبێت سەردانی لوبنان نەکەن، چونکە ئەو وڵاتە بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزیبوڵاوە سەلامەت نییە.

گرژییەکانی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزیبوڵا بەهۆی کوژرانی فوئاد شوکر سەرکردەیەکی دیاری حزبوڵا لە بۆردوومانێکی ئیسرائیلدا بۆسەر باشووری لوبنان چڕتر بووەتەوە.

دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماسیش حیزبوڵا لە راگەیاندوێکدا باسی لەوە کرد، هەنیە سەرکردەیەکی بەرگریکاری فەڵەستین بووە و حسن نەسروڵا سکرتێری گشتی حیزبوڵا سبەی پێنجشەممە رای حزبەکە لەوبارەیەوە ئاشکرا دەکات.

ئەمریکا دوای راگەیاندنی کوشتنی هەنیەش ئەوەی خستە روو، وڵاتەکەی ئاگاداری ئەو هەنگاوەی ئیسرائیل نەبووە، بەڵام پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکەن لە تۆڵەکردنەوە و بەرگریکردن.

هاوکات، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، جەنگی درێژە دەکێشێت و ئامادەن بۆ هەموو ئەو سیناریۆ و هەڕەشانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە. وتیشی، "ئێمە حسابی خۆمان لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە یەکلا دەکەینەوە کە زیانیان بە ئیسرائیل گەیاندووە".

هاوکات، بنیامین ناتانیاهو لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس هیچ لێدوانێکی نەدا و رێگری لە وەزیرەکانی کابینەکەی کردووە لێدوان لەوبارەیەوە بدەن.

ئەو لێدوانەی ناتانیاهو لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسماعیل هەنیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان بوو، لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراوە.













گەلەری